رۆژئاڤاو جەنجاڵێکی بێ وێنە
چیا عەباس
2019-10-18   1325
هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا گرنگترین بابەتی سەنتەرەکانی سیاسەت و بریاردان و میدیاکانی جیهانە، لێکدانەوەو شێکردنەوەو چاوەروانی و هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ دەکرێت، بێگومان ئەم بایەخە خەست و بەرفراوانە تەنها لەبەر خاتری کورد و پرسە رەواکانی نیە، کوردێکی بێ ئاگا لە هاوکێشەکانی دنیا بە بژاردەکردنی بەشێکی ئەم بایەخدانە دڵی خۆش دەبێت و ئارامیەکیش بە دەرونی هەڵچویدا دەبەخشێت، زۆربەی کورد رەشبینە و هەندێکی تر بەگومانەوە چاوەروانن.
لەم کێشە ئالۆزەدا کە ئێستا بەخەستی یەخەی کوردی گرتوە قوڵایی مێژویی، نەتەوەیی، مەزهەبی و بەرژەوەندە جیاکانی ناوچەکە و دنیا رۆڵی هەستیاریان تێدا بینیوە ودەیبینن.
رژێمەکانی تورکیا بەوەی ئەردۆگانیشەوە دژایەتیەکی توندی مافەکانی کوردیان کردوەو دەکرێت، بەڵام ناشێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەم قەیرانە گەورەیە لەم ساتەدا و مامەڵەکردن لە گەڵیدا تەنها لەو روانگایەوە بکرێت، پێویستە ئێمەی کورد دان بەو راستیەدا بنێین کە دو تەرەفە سەرەکیەکەی ئەم شەر و دۆخە هاوکات بەشێکیشن لە هاوکێشەیەکی زۆر گەورە و ئاڵۆزی تریش. ئەم تێگەیشتنە تێرامان و کارنامەی کورد واقیعی و رۆشنتر و کاریگەرتر دەکەن.
لە روانگای نیشتمانی و نەتەوەییەوە مافی رەوای کوردە بە هەمو رێگا و شێوازێک بەرگری لە خۆی و فەرمانرەوایی خۆی بکات، بەڵام هەمو دەزانین ئەمە بە تەنها دادی نادات.
لە گەڵ سەرهەڵدانی بە ناو بەهاری عەرەبی و خەلافەتەکەی داعش سوریا بۆتە گۆرەپانی شەری سەختی درێژخایان و وڵاتێکی پارچە پارچە کراو. زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، چەند وڵاتێکی عەرەبی و تورکیا و ئێران و بیانی، چەندین گروپ و کەسایەتی ئیسلامی تێرۆریست و هێزە لۆکاڵیەکانیش بە هێزی چەکدار و پارە و هەواڵگری لەو وڵاتەدا گەمەکانی خۆیان کردوە.
لە مەقامی یەکەمدا ئێران و روسیا خۆیان بە پارێزەر و وەسی رژێمەکەی ئەسەد دەزانن، لەو بوارەشدا هیچ درێغیکیان نەکردوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سەردەمی ئۆباماوە بونێکی بەهێزی سەربازیان لەو وڵاتە هەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش و سنوردارکردنی هەژمونی ئێران و روسیا لە ناوچەکە، وڵاتە عەرەبیەکانی سەرچاوەی تێرۆریزمی ئیسلامی بە گروپە چەکدارەکان و پارە هەوڵیان داوە بۆ تەسفیەی رق و کینەیەکی مێژویی و مەزهەبی لە گەڵ دەسەڵاتی شام.
کوردی رۆژئاڤا لەو جەنجاڵ و گێژاو و دۆخە ئاڵۆز و بێسەروبەرەدا بە چەک و تفاقی سەرەتایی و دەرامەتێکی زۆر کەم توانیان سەرکەوتوانە دو ئەرکی گەورە جێبەجێ بکەن، روبەروبونەوەی خوێناوی داعش و گروپە جیهادیە بەکرێگیراوەکان تا روخاندنی خەلافەتەکەی داعش، هاوکاتیش بنیاتنانی ئەزمونێکی حوکمرانی سەردەمانە لە رۆژئاڤا. کورد لە بەشەکانی تری کوردستان، تایبەت هێزەکانی پێشمەرگەی باشور، هاریکاری و پشتیوانی خەباتی رۆژئاڤایان کردوە.
بریارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی بە هەر هۆیەکەوە بێت بە واتای بەهێزترین پشتیوانی مەیدانی کورد لە رۆژئاڤا گۆرەپانەکی جێهێشت، بەو کارەش گلۆپی کەسکی بۆ ئەردۆگان و گروپە چەکدارە تێرۆریستەکانی هەڵکرد بۆ پەلاماردانی رۆژئاڤا.
زۆربەی کورد ئەم بریارەی ترەمپ بە خەنجەر وەشاندن لە پشتەوە وەسف دەکەن، بەشێک لە تەرەفە بێلایەنەکان لە روانگایەکی ترەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، بەشێکیش بریارەکەی ترەمپ بە داوێک دەبینن بۆ تورکیای ئەردۆگان بۆ کەمکردنەوە و بچوککردنەوەی هەژمون و تەماعەکانی، تایبەت ماوەیەکە خەریکی گەمەی ئەکرۆباتیکە نێوان ئەمریکا و روسیا و ئێران.
بە کورتی رژێمەکەی ئەردۆگان هۆکارێکی گرنگی تری نائارامی و ناسەقامگیری ناوچەکەیە.
ئەوروپا لە سایەی هەرەشەی ئەردۆگان بە کردنەوەی دەروازەکان بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوری لە تورکیا تا رو لە ئەوروپا بکەن و بەرەچاوکردنی بەرژەوەندیە ئابوریە گەورەکانی نێوانیان دەنگێکی کزی نارەزایی دەربریوە. بە گشتی بەشێک لە ئەمریکا و ئەوروپیەکان هەست بە کەمتەرخەمی و بێ وەفایی بەرامبەر بە کوردیش دەکەن، لە لاکەی تریشەوە بەشێک لە هەڵوێستەکانیان کە بە دڵی تورکیا نیە دەگەرێتەوە بۆ کۆمەڵێک کێشەی گەورە کە لە گەڵ تورکیای ئەردۆگاندا هەیانە.
ترەمپ سەرۆکێکە باوەری بەوە نیە ئەمریکا لەو شەر و ئالۆزیەی سوریادا بمێنێتەوە، زۆربەی دەوروبەرەکەی و زۆرینەی دیموکراتەکان بریارەکەی ترەمپ بە مەترسی دەبینن بۆ لە دەستدانی پێگەی وڵاتەکەیان لە ناوچەکە و جێهێشتنی بۆ روسیا و ئێران. تا ئەم چرکەیەش زانیاری دروست و باوەرپێکراو نیە تا بیسەلمێنێت ئەمریکا و روسیا لە سەر هێڵە گشتیەکانی روداوەکان لێکتێگەیشتن یاخود رێکەوتنیان هەبێت، ئەمەش دۆخەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و مامەڵەکردن لە گەڵ روداو و ئەگەرەکاندا قورستر دەکات.
دەمێکە تورکیا ترسی گەورەی لێنیشتوە بە واقیعی حوکمرانی سەردەمانەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاکان لە سەر سنوری لە گەڵ سوریا کە بەشێکی زۆری رۆژئاڤای کوردستان دەگرێتەوە. ئەم ترسە تێرامانێکی لای نەتەوە پەرستەکانی تورکیا دروستکردوە کە لە چەمکی پاراستنی ئاسایش و ئارامی تورکیادا خۆی دەبینێتەوە و دابینکردنیان بە زەبری چەک. بێگومان هەمان هەڵسەنگاندنیشیان بۆ حوکمرانی باشور هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم حوکمرانیە پشتگیریەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی هەیە و لە دەستوری عێراقدا چەسپاوە و دەسەڵاتدارانی هەرێم سیاسەتێکی نەرمیان بەرامبەر تورکیا پێرەو کردوە، دەبینین تورکیا بە رێگەی غەیرە شەر چەند پێگەیەکی بەهێزی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و سەربازی لە باشور بەدەست هێناوە.
تورکیا باش دەزانێت سوریا وڵاتێکە ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، وێرای ناکۆکیە خەستەکانی سوریا لە گەڵ بەشێک لەوڵاتانی عەرەبی، تایبەت لە گەڵ سعودیە، بەڵام بێتە سەر هێرشکردن و پەلاماردانی سوریا و شەرکردن لە گەڵ دەوڵەتی سوریا ئەوا تورکیا کە کێشەو ململانێی خەستی لە گەڵ سعودیە و هاوپەیمانەکانی هەیە دوچاری قەیران و کێشەی زۆر گەورە لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا دەبێتەوە.
ئەمە بە کورتی ئەو جەنجاڵە سیاسی و سەربازی و ئابوریە کە رۆژئاڤا دوای هێرشەکانی تورکیا هێمنانە و ورد مامەڵەیان لە گەڵ دەکات، کرۆکەکەی مامەڵەکردنی هاوسەنگ لە گەڵ زلهێزەکانی دنیا، سازدانی هاریکاری و هاوپەیمانی بۆ پاراستنی دانیشتوانی رۆژئاڤا لە کوشتن و وێرانکردن، بەرپاکردنی خۆپیشاندانی هێمنی نارەزا لە سەرانسەری دنیادا، بەخستنە گەری دیبلۆماسیەتی واقیعی بێ هەڵڵاکردن، هاوکاتیش لە سەر گۆرەپانی شەر بەرگریکردن و فیداکاری.
ئەوەی لە باشور دوای سەرهەڵدانی ئەم دۆخە کراون لە ئاستی خواستی جەماوەردا نین، بەشێکی بەرچاوی بەرپرسە حزبی و حوکمرانیەکانی باشور بە لێدوان و راگەیانراوی مەتاتی نارەزایی خۆیان دەربریوە، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ١٥ ی ئۆکتۆبەردا کۆمەڵێک راسپاردەی پەسند کردوە، کە زۆربەیان خاڵی باشن بۆ هاریکاری و بەدەنگەوەچونی خەڵکی خۆرئاوا و دروستکردن فشار بۆ چارەی ئاشتیانەی کێشەکان، بەڵام ئەوەندەی من خوێندەوار بم بە یەک جاریش ناوی سوپای تورکیایان نەبردوە، وەک ئەوەی هێرش و پەلامار و کوشتن و ماڵوێرانکردنی رۆژئاڤا لە لایەن مەخلوقاتی هەسارەیەکی ترەوە ئەنجام دەدرێن. هەروەک بەرێز ئەبو بەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بۆ رونکردنەوەی دەنگنەدانی بە راسپاردەکان دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک لەڕاسپاردەکاندا ناوی سوپای تورکیا نەهاتوە، لەکاتێکدا بەقورسترین وپێشکەوتووترین چەکی سەربازی ڕووبەرووی گەلێکی سڤیل بۆتەوە کەلەسەر خاکی خۆی دەژی وداوای کەرامەت وئازادی خۆی دەکات".
" ڕێز لەدەنگی خوشك و برا هاوكارەكانم لەپەرلەمان دەگرم، بەڵام پێم وابوو قەبارەی كۆستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكەی ڕۆژئاوا لێی دەخواستین هەڵوێستمان ڕاشكاوانەتر و بەهێزتر بوایە".
لەو باوەرەدام دەیان ملیۆن کورد هاورای ئەو ئەندام پەرڵەمانە بەرێزەن.