گۆڕان‌و شۆرشی نیللی

چیا عەباس
  2019-06-28     1317
رەوشی سیاسی و حوکمرانی هەرێم بە خەستی چەقیان بەستوە، دەرفەتێک بۆ تێپەراندنی  بەمزوانە چاوەروان ناکرێت. 
ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم زادەی ئەمرۆ نین، لە دوای راپەرینەوە میللەت لە سەری راهاتوە، باس باسی کێ هۆکار و کێ پشکی شێری لەو دۆخەدا هەیە نیە، باس باسی نیەت و قەسدە نەبینراو و نەبیستراوەکانی ناو کوردستان و عێراق و دەرەوەیە، کە لەم سەردەمەدا دوای شکستیهێنان بە ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار زۆر ئاڵۆزتر و تەڵختر بون، بە شێوازێک بێ ئومێدی خەڵک لە زیادبونی بەردەوامدایە.

بایکۆتی زۆرینەی خەڵکی هەرێم بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی زیندوە کە ئەو زۆرینەیە دیدگا و هەڵسەنگاندنی بۆ حزب و حزبایەتی، بۆ هەڵبژاردن و ژیانی پەرلەمانی، بۆ رێکەوتن و ناکۆکیەکانیان و بۆ موجامەلە و شەرە قسەکانیان لە جاران زۆر جیاوازن. 

باوەرو متمانەیان بە حزب و کارنامە و دروشمەکانیان لەرزۆکن، ئەو متمانەیەش کە بە حزب ماوە زادەی خەبات و قوربانی حزبەکانە لە مێژودا و وەفای رێژەیەکیش لە ئەندام و هەوادارانیان. ناشێت لە بیری بکەین کە سوپایەک لە بەرژەوەندخواز و دەستەمۆکراو و سەرلەقێنەریش پاشکۆیەتیان بۆ حزبەکان کردۆتە پیشە.

باشترە دەرک بکەین بەوەی کە پێگەی هەرێم دوای شکستی سەربازی داعش لە عێراق و سوریا و ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر لای هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان ئەوەندە لاواز بوە کە  دەسەڵاتدارانی هەرێمی ناچار کرد پەنا بۆ بەغدا بەرن، تا لە سایەی ئەو پانابردنەدا زیاتر لەوەی لە دەستیان داوە نەیدەن، کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان نمونەی حاشاهەڵنەگرن، هاوکاتیش برێک پارە بۆ موچە و چەند کارێک دابین بکرێت.

بە کوردی و کورتی سەروەری و سەربەخۆیی بریاری سیاسی و ئابوری هەرێم و ئایندەی باشور بە ناوچە زەوتکراوەکانیشەوە لە دەستی دەسەڵاتی هەرێمدا نین، پرۆسەی بە دیموکراتیزەکردنی سیستەمی حوکمرانی هەرێم لە سایەی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەدا بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە. بە کورتی باشور بە قەیرانێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەرێت، لە ئەگەری پێکدادانی کرداری نێوان ئەمریکا و ئێران روبەروی دۆخێکی زۆر مەترسیدار و نادیاریش دەبین. 
لە بەرامبەر ئەم رەوش و دۆخەدا نارەزاکانی میللەت رۆژ دوای رۆژ لە هەڵکشاندان، تورەیی و هەڵچون رو لە لوتکە دەکەن، چەندین گروپی نارەزا خۆیان بۆ کاری گەورە ئامادە دەکەن.

لەم بەینەشدا دەستەیەکی داماوی ناو گۆڕان لە گێژاوی ئەم ناجێگیری و نارۆشنی دۆخەکەدا، وەک گەمەکەرێکی خاو و خلیچک و بێ بەهرە و توانا ئۆقرەیان لێبراوە و چاوەروانی رەحمەتی رێکەوتنی دەسەڵاتدارەکانن و پەلەیانە بچێک لە کێکەکە بپچرن. هێزە ئیسلامیەکان و گروپە نارەزاکانی تر بەرچاویان رونترە و پێدەچێت واقیعیانەتر دۆخەکەیان خوێندبێتەوە.
بێگومان بەهێزترین و گەورەترین بەرەی نارەزای ناو حزب لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندایە، نارەزایی ئەم هێزە دو لایەنەیە، لە لایەک بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی گۆڕانە و لە لاکەی تریش بەرامبەر بەو دۆخەی هەرێمە. 

بە رەچاوکردنی واقیعێکی تاڵی ناو گۆڕان کە هەڵچنینی هیوا بۆ چاکسازی و گۆرانکاری لە سایەی دەسەڵاتدارەکانی ئێستایدا وەک راکردن وایە بە دوای سەرابدا، بۆیە پێموایە بەشی دوەمی نارەزایەتیەکە گرنگتر و هەستیارترە، دارشتنی کارنامە و قەوارەی ئەو نارەزاییە دەبێتە زەمینەخۆشکەریش بۆ راستکردنەوە و چاککردنی دۆخی ناوخۆی گۆڕان، چونکە خۆ دابران لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان سەری ساحیبەکەی دەخوات. 

گەر نارەزاکانی ناو گۆڕان لە مەقامی یەکەمدا لە سەر بەرنامە و کاری هاوبەش بۆ راستکردنەوەی دۆخی ناو بزوتنەوەکە رێکبکەون باوەر ناکەم ئەوەندە کێشەیان توش بێت، بەڵام ئەمە تینویەتی ئەو نارەزایانە بە تەواوی ناشکێنیت، چونکە  دوچاری هەمان تاس و حەمام دەبنەوە: لە گەڵ دەسەڵاتی کلاسیکی حزب و بنەماڵە چی بکەن؟ چۆن مامەڵە لە گەڵ حوکمرانی بکەن؟ چی بۆ کارنامە رەسەنەکەی گۆڕان بکەن؟ 

بەرەی نارەزای گۆڕان دەتوانێت ببێتە نەواتێکی دەستپێشخەر بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم نارەزاکانی باشور لە سەکۆیەکی نیشتتمانی بۆ گۆرانکاری و دادپەرەوری، بزافێکی جەماوەری دور لە دەستور و کاری حزبایەتی کلاسیکی و دەسەڵاتی هەرەمی. سەکۆیەک خاوەنی دیدگا و تێرامان و ئەڵتەرنەتیڤی واقیعی بۆ سەرجەم پرسە گرنگەکان بێت، سەکۆیەک هەمو کۆبکاتەوە و هەموش لە بەرێوەبردنیدا بەشدار بن.

زۆر شیاوە هەنگاونان و کارکردن بۆ ئەم مەبەستە بە راگەیاندنی بەهێز و کۆکردنەوەی نارەزاکان و ئامادەسازی بۆ سازدانی گرتبونەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی دەست پێبکات، هاوکاتیش سازدانی کۆدەنگی بۆ بەشداریکردن لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان بە ناوی لیستی سەکۆی نیشتمانی بۆ گۆرانکاری.

گەر ئەمە سەرکەوت  گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری یەکەم سودمەند دەبێت و بزوتنەوەکەش دەخرێتەوە سەر رێرەوە رەسەنەکەی خۆی و لە گێژاوی نارونی و غیابی دیدگا و کاری کلاسیکی رێکخراوەیی رزگاری دەبێت.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×