لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان پێویست ناکات باسی مێژوی ئەو مرۆڤە مەزنە بکەم. باسکردنی هاوکار و دۆست و دوژمن و نەیارەکانی کاک نەوشیروان شتێکی نوێ بە فەرهەنگی سیاسیمان نابەخشێت، قسەکردن لەسەر بازرگانە نزیک و دورەکان بە پێگە و مێژوی ئەو مرۆڤە دوبارەکردنەوەی تەوەرێکە کە هاوڵاتیانی کوردستان گوێبیستی بون و لێیی بەئاگان. هاوکاتیش هاوڵاتیان بوێرانە قسەی خۆیان کردوە، گەواهی بۆ ئەمەش سزادانی خەستی هاوکارەکانی و نەیارەکانی بو لە دوا هەڵبژاردن بۆ پەرڵەمانی عێراق کە بە رێژەی سفر تا بیست و پێنج لە سەد ئیدیعای نوێنەرایەتی سەد لە سەدی هاوڵاتیان دەکەن. دانیشتنەکەی زرگوێز
لە رۆژێک نزیکەی ٢٨ ساڵ لەمەوبەر لە گەڵ هاورێی ئەزیز و مرۆڤێکی گەورە و تێکۆشەرێکی بێگەرد و دۆستی زۆر نزیکی مام جلال و کاک نەوشیروان لە ئەمستردام یەکترمان بینی. کاک شازاد سائیب لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی پێشو لە بەغدا ناسیومە و ئەویش لەو سەردەمەدا منی بە کاک نەوشیروان ناساند. ئەو مرۆڤە مەزنە لە روداوێکی هاتوچۆ لە سەر رێگای سلێمانی دوکان بۆ کاری فەرمی وەک وەزیرێکی کابینە گیانی لە دەستدا، لە پرسی بە خاک سپاردنی هەر دو مام جلال و کاک نەوشیروان فرمێسکی خەستیان بۆ رژاند.
لەو دیدارەم لە گەڵیدا لە ئەمستردام کاک شازاد ئامۆژگاریەکی کردم کە تا لە ژیاندا مابم بیرم ناچێت. ساڵی ١٩٩٤ لە کۆنفرانسی مەڵبەندی دەرەوەی یەکێتی لە شارۆچکەیەکی نزیک مانهایمی ئەڵمانی بە ئامادەبونی مام جلال و چەند سەرکردەیەکی تری یەکێتی بە دەنگی یەکەم بۆ دەستەی کارگێری مەڵبەندی دەرەوەی یەكیتی هەڵبژێردرام، ئەم ئاکامە لەو ساتەدا چەند بەرێزێک لە سەرکردە ئامادەبوەکانی یەکێتی سەغڵەت کرد. دواتر زانیم دەنگەکانی زۆربەی پێشمەرگە و کادیرە دێرینەکانی یەکێتی لە کۆنفرانسەکە یەکلاکەرەوە بون لە دەنگەکانی بەندە و زۆربەی ئەوانەش لە کاک نەوشیروان زۆر نزیک بون.
بۆ خۆم زۆر بە شانازیەوە ئەم روداوەم باس دەکرد، کاک شازاد لەوە بە ئاگابو و بۆ ئەوەی هۆشداریم بداتێ و لە خۆم بایی نەبم ئەم روداوەی بۆ گێرامەوە:
بە ماوەیەکی کورت دوای راپەرین رۆژێک لە گەڵ نەوشیروان لە زرگوێز بوم، لەو رۆژانەدا بێسەروبەریەکی زۆر لە شار و دەوروبەری لەلایەن هێز و چەکداری هێزەکانی تر دەڤەری سلێمانی یان هەراسان کردبو، وەک سەرانە وەرگرتن، دانانی بازنە لە سەر رێگا و بانەکانی دەڤەرەکە، ئیبتزازکردنی کاسب و دەوڵەمەندەکانی شار و ....تاد، نەوشیروان لەم دۆخە زۆر بێتاقەت و تورەبو، تەلەفۆنێکی بۆ ئیدارەی گشتی کرد و لەگەڵ خوالێخۆشبو شێخ دارۆی شێخ نوری قسەی کرد و پێی گوت: لە گەڵ شازاد لە زرگوێزم، بە مام جلال بلێ بە پێویستی دەزانم بێت بۆ ئێرە بۆ چەند کارێکی پێویست. دو سەعاتی پێچو مام جلال لە گەڵ شێخ دارۆ گەیشتنە زرگوێز و بە چوار قۆڵی دانیشتین.
نەوشیروان روی کردە مام جلال و گوتی: مام جلال گەر تۆ و مسعود بارزانی سەدی بەخمەتان نەفرۆشتایە و ئەو ئاوەتان نەرژانبایە ئەم چەکدار و تاقمانە لەم دەڤەرە نەیان دەتوانی بە رۆژی نیوەرۆ ئەم چەتەگەری و کەڵەگایەتیە بکەن( ناوی چەند بەرپرسێکی هێزەکانی برد کە ئەو کارانە دەکەن)، باسکردنەکە بەرەو گرژی دەچو، مام جلال هەستی پێکرد و گوتی: کاکە نەوە ئەو قسانەت راستن بەڵام با بەیەکەوە بچین لەو ژورەی ئەودیو باسێکیان بکەین. کاک شازاد لە گێرانەوەی روداوەکە بەردەوام بو و گوتی بە جوتەچونە ژورێکی تر و دوای دە دەقیقە هاتنە دەرەوە و زۆر هێمن و دۆستانە بەرچاو دەکەوتن. کاک شازاد پێی گوتم: قەد نەکەیت بکەویتە بەینی ئەو دو زاتەوە، چونکە ئەوان هەمیشە لە دوا مەتافدا لەسەر هێڵە گشتیەکانی سیاسەت و بەرژەوەندی یەکێتی و کورد رێک دەکەون.
لە زەرگەتەوە بۆ دەباشان
رۆژێک پێش نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ گەرامەوە بۆ کوردستان، ساتانێک پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی گرژ و ئاڵۆز بو. رۆژێک کاک نەوشیروان پێی گوتم ئەمرۆ کونسۆلی ئەمریکا لە هەرێم سەردانمان دەکات و حەزدەکەم ئامادە بیت.
ماوەی چەند مانگێک بو مام جلال بەخەستی باری تەندروستی تێکچوبو.
لە دانیشتنەکەدا بەرپرسی ژوری دیبلۆماسی گۆڕان و دو هەڵسوراوی تر و بەندە ئامادە بوین. لە باس و لێدوانەکاندا دەرکەوت کە خەمی سەرەکی شاندەکەی ئەمریکا ئەوەبو بزانن نیازی کاک نەوشیروان لە سایەی نەخۆشکەوتنی مام جلال لە یەكیتی چیە، هەرچەندیان هێنا و بردیان کاک نەوشیروان هیچی ئەوتۆی نەدرکاند، لەو بەینەدا بەرپرسی ژوری دیبلۆماسی گۆران بە زمانی ئینگلیزی سنوری زمانی دیبلۆماسی بەزاند و کەوتە هێڕشکردن، کاک نەوشیروان تێگەیشت و بۆ ئەوەی کۆتایی بە دانیشتنەکە بهێنێت روی کردە کۆنسۆڵی ئەمریکا و بە زمانی ئینگلیزی بەدەق گوتی: We have only one mam Jalal and will stay like that
بە کوردی: ئێمە تەنها یەک مام جلال مان هەیە و هەرواش دەمێنێتەوە.
کونسۆڵ لە پەیامەکە تێگەێست و یەکسەر خواحافیزی کرد.
لە زەرگەتەوە بۆ پیرمام
پەیوەندیەکانی کاک نەوشیروان و مسعود بارزانی سەرەرای گرژی و ئالۆزیەکانی زۆربەی کات راشکاوانە و راستگۆیانە بون، کاتێک کاک نەوشیروان بریاری دا بەشداری لە حوکمرانی هەرێم بکات بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێک سەردانی مسعود بارزانی لە پیرمام کرد. وەک سەرکردە وسیاسەتمەدارێکی خاوەن رەوشتی بەرز ومتمانەپێکراو لە بەرامبەر فشار و پرسیاری زۆری هاوکارەکانی لە ناو گٶڕاندا بۆ زانینی باسکردن و دانوستانەکانی لە گەڵ سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی ئەو ساتە یەک وەڵامی پوختی هەبو، ئەویش: چوار ساڵی ئارامی!
چوار ساڵی ئارامی تەمەنی زۆر کورت بو، گۆران بە بریاریكی سەرپێیانیەی هەڵەشە و نارەوای دەسەڵاتدارانی پارتی لە پەرڵەمان و حکومەت دورخرایەوە. سەرانی پارتی پێیان وابو بەو جۆرە هەنگاوانە چۆک بە گۆڕان و کاک نەوشیروان دادەنێن، دەرکیان بەوە نەکرد و ئێستاش نایکەن کە کاری نارەوا لە دوا مەتافدا هەمیشە بە زەرەری بکەرەکەی دەشكێتەوە.
ئەم بابەتەم لە گەڵ کاک نەوشیروان لە دوا قۆناغی ژیانیدا وروژاند، سەردەمی یەکلاکردنەوەی شەری داعش بو لە موسڵ، داواشم لێکرد چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لە گەڵ کەناڵی ک.ن.ن. ساز بکات پاش بێدەنگیەکی درێژ، لە وەڵامدا گوتی: بۆ چاوپێکەتنی تەلەفزیۆن هیچ شتێکی نوێم پێ نیە تا باسی بکەم، سەبارەت بە مسعود بارزانیش نامەوێت لەم دۆخەی شەری داعشدا و تەم و لێڵی ئاکامەکانی نە بە چاک و نە بە خراپ باسی بکەم، چونکە کاتی نیە.
ئەمە گەورەیی و بەخشندەیی ئەو سەرکردە مەزنە بو کورد گوتەنی ئەو کەسە کەسە ئەلفێکی بەسە.
لە کەناری تایمسەوە بۆ گردی زەرگەتە
کاک نەوشیروان دەیزانی رۆژەکانی ژیانی بە پەنجەکانی دەست دەژمێڕێن، هەر وەک خوالێخۆشبو مام جلال چەند جارێک باسی کردوە " کاکە نەوە پێی گوتم با جیا لە زۆربەی سەرکردەکانی کورد لە سەر خاکی کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان بکەین"، کاک نەوشیروان ئەوەی کرد لە کۆشە گەرمەکەی شارەکەی و لە دوا پەناگای سیاسی و خەباتدا ماڵئاوایی کرد.