جاران، تایبەت پێش سەدەی بیست و یەکەم، کوردبون و کوردایەتی بەهایەکی ئێجگار پێرۆز و مەزنیان هەبو، سەردەمانێک بو کورد بەرامبەر درەندەیی دوژمنەکانی لە بەردەم دو بژاردەی سەرەکیدا بو: یا لە بەرەی میللەت و بێدەنگی یاخود بەرەی دوژمنان. ئەم دو بەرەیە خەسڵەت و ناسنەمەی تایبەت بە خۆیان هەبو، پێشمەرگە و تێکۆشەر و ئەوی تر خائین و جاش و بەکرێگیراو، هەر دو تەرەف بە وردەکاریەوە لای میللەت ناسراو بون و هەڵسەنگاندنی تایبەتیان بۆ دەکرا.
لەم سەردەمەی باشوری کوردستان بەها و پرەنسیپەکان بەسەر یەکدا ترشاون و هەریسەیەکی سیاسی، حزبی، فکری و کۆمەڵایەتی بەرپابوە، بەتەنیشت ئەمەوە حوکمرانیش بوارێکی دروست و یاسایی نەخوڵقاندوە بۆ دابینکردنی حوکمی یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتی، ئیدیعاکردنیشیان بۆ سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمان بریتیە لە دەسەڵاتی رەهای حزب و بنەماڵە و پێشێلکردنی مافەکانی هاوڵاتیان و کەمینەکان، ئاکامەکەی دروستبونی ئۆلیگارشی حزبی، بنەماڵەیی، ئابوری و جەمسەرە سەربازی و حزبیە بەهێزەکان.
لەم کەش و هەوایەدا بەرەیەکی زۆر گەورە و بەرفراوانی هاوڵاتی و کادر و تێکۆشەر و رۆشنبیر و نوسەر کە بەشێکی گەورەیان خۆی لە ژیانی حزبایەتی دابریوە و ئیدیعای ئۆپزسیۆنبون و بەرەی نارازی دەکەن، ئەم تاقمانە لە دوای راگرتنی شەری ناوخۆ و دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان پێگەیەکی بەرچاویان لە ژیانی سیاسی و حوکمرانیدا دەستکەوت، بە گشتی رۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەی سیاسی و مۆتۆربەکردنی چەمکی ئۆپزسیۆن و نارازی و میدیای ئازادا هەبوە.
دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و مام جلال بۆشاییەکی زەق هەڵتۆقی کە غیابی دو سەرکردەی کورد وەک مەرجەع و زیاتر تۆلێرانت و گوێگر لە هاوسەرکردەکانیان تەواوی پرۆسەی گۆرانکاری و ئومێد و ئاراستەکردنی روداوەکانی بە رادەیەک خاوکرد کە ژیانی سیاسی و حزبی لەلایەن چەند دەستەیەکی ئۆلیگارشی بنەماڵە و حزبی و ئابوری قۆرخ کراو و ئەو کزە هیوایەی هەبو رۆژ دوای رۆژ ئاوا دەبێت.
لە ئاکامدا بێئومێدی و خۆماتکردن و چاوەروانی یەخەی زۆربەی ئەو کەسایەتی و تاقم و گروپانەی بە خەستی گرتوە، سەرەرای ئەمەش شکستخواردو بون لە دۆزینەوەی هاوکێشەیەک کە زۆربەیان کۆبکاتەوە و لایەنی کەم خۆیان وەک ئۆپزسیۆنێکی تۆکمە ئامادەبکەن.
باوەر بە ژیانی حزبایەتی و سیاسی لە باشور گەیشتۆتە نزمترین ئاست لە مێژوی بزافی کوردایەتی لە کوردستانی گەورە، شکستی شۆرشی مەزنی ئەیلول و لە سەردەمی درندەیی بێ وێنەی رژێمی سەدام و بێباکی دنیای دەرەوە بە پرسی کورد رۆڵە تێکۆشەرەکانی میللەت تەسلیم بەو واقیعە نەبون، هێدی هێدی یەکێک لە مەزنترین شۆرشەکانی کوردیان بەرپاکرد و بە خوێن و قوربانیەکی بێئەندازە گەیاندیانە مەزنترین راپەرین لە مێژوی ناوچەکەدا.
ئێستا لە ناو شار و دەسەڵاتی خۆماڵی و کرانەوەیەکی رێژەیی لە چەند ناوچەی گرنگی باشوری کوردستان و سەرمایەکی نەتەوەیی گەورە لە نارازی و نیەت و خواستی چاکسازی و گۆرانکاری و چاودێریکردنێکی نێودەوڵەتی کەچی گروپەکانی ئۆپزسیۆن و نارازیە راستەقینەکان دەستەوەسان وەستاون، پەرتەوازە و بێ خاوەن و دیدگای هاوبەشن.
هێزە ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی گۆڕان شایستەی باوەر و متمانەی جدی نین بۆ گۆرانکاری، نەوەی نوێش سەرکەوتو نەبوە لە سەلماندنی نیەتی جدی بۆ گۆرانکاری، لە بۆشایی سیاسی و غەوغای پروپاگەندە و دروشم و کرداری پۆپۆلیستیدا و لە سایەی کێشەکانی یەکێتی و نەرمنواندنی پارتی پشتگیریەکی کاتی سنورداری نێو تاقمە نارازیەکانی بەدەست هێناوە، زیادە بۆ ئەمەش ئەم گرتبونەوەیە رەگ و ریشەی توند داکوتروای سیاسی و فکری نیە، بۆیە ئەستەمە ئومێدی جدی لەسەر هەڵبچێنرێت.
لەم کەش و هەوایەدا دەبینین گروپ و تاقم و کەسایەتیە نارازیەکان پەنایان بۆ چەند سایتێکی سەربەخۆ و زۆر تایبەت بۆ سۆشیال میدیا بردوە.
دروستە کە ژیانی حزبایەتی ئەم سەردەمە وای لێهاتوە کە مەبەستی سەرەکی بۆ بەرژەوەندی و موچە و پۆست و دەسکەوتی ترە، زۆر دروستە کەسانێک کە سەرقاڵی خەبات و کاری حزبایەتی پاک بوبون خۆیان لەم جۆرە حزبایەتیە دور راگرتوە، ئەوە مانای ئەوە نیە چەمک و گرنگی حزب بەسەرچوە، لە بری ئەوەی هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە بدرێت دەبینین سۆشیال میدیایان کردوە بە بارەگای حزبی شەخسی خۆیان، بێ پێرەو و چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بە مەزاجی رۆژ و ئارەزوی خۆیان هەزاران پەیج و کۆمێنت و نوسینیان هەیە، دروستە ئەوانە کاریگەری ئەرێنینان لەسەر کۆی گشتی پرۆسەی گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و دەربرینی نارازی و رەخنە و بۆچونی دروست هەیە، هاوکاتیش وەک پرۆسەیەکی پارادۆکسی هەڵتۆقیوی ئەو دۆخە زیانەکانیشی کەم نین.
کاتێک هاوڵاتی و گەنجێکی خەمخۆر و پەرۆش لە یەک ساتدا چەندین پەیج و کۆمێنتی چەند گروپ و کاراکتەری نارازی و ناسراو دەبینێت و هەر یەکێک لێیان لە ئاوازێک دەخوێێت، بەدەگمەنیش دەبینێت پەیامەکان تۆوی خۆشەویستی و متمانە بچێنن، بەپێچەوانەوە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ تەنراون بە زمان و نیەتی تۆڵە و رق و کینە و ناشرینکردنی هاوکارەکانیان و دەگەدان لەم و لەو و فابرەکردنی هەواڵی نادروست.... تاد ئەوا بێگومان هەزار و یەک پرسیاری لا دروست دەبێت و گومانەکانیشی تەشەنە دەکەن، ئەمە ئەو واقیعەیە کە لە دوا مەتافدا سەد لە سەد لە خزمەتی بەرەی نارازی و ئۆپزسیۆندا نیە و بە رەچاوکردنی واقیعی ئەقڵیەتی دەسەڵاتیش ئەوەندە لێی دڵتەنگ نەبوە و ناشبێت، چونکە دەسەڵاتی کوردی هەزمی بونی ئۆپزسیۆن ناکات، باشیش دەزانێت ئۆپزسیۆن بونی بەرچاوی هەیە، جا ئۆپزسیۆنێکی پەرتەوازە و لەتلەت و نەگونجاو لە گەڵ یەکتری زۆر پێ باشترە لە پێچەوانەکەی.
ئەمە ئەو واقیعەیە سۆشیاڵ میدیای بەو شێوەیەی لەم وتارەدا باسم کردوە ختوکەی ناراستەوخۆی دەسەڵات دەدات. ئەمە لە کاتێکدا هێزەکانی دەسەڵات درێغیان لە بواری سۆشیاڵ میدیادا نەکردوە و بە پارەی میللەت هەزاران سایت و پەیج و شتی تریان بۆ ئارایشتەکردنی خۆیان و ناشرینکردنی بەرامبەر خستونەتە گەر.
بۆ خۆم زانیاریم نیە دەربارەی رۆڵی وڵاتانی دراوسێ و بەغدا لەم جۆرە کارانەدا، بەڵام بێگومانم کە دەستێکی چەوریان تێدایە.