کێ براوە دەبێت: پارتی یاخود دەسەڵاتی گەنجی یەکێتی؟
چیا عەباس
2020-12-17   1530
لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٩٩٢ خوالێخۆشبو مام جلال لە رێگەی
گەرانەوەی بۆ وڵات سەردانی هۆڵەندای کرد، بەرێز و هاوگەشتەکانی لە هوتێلێک لە
ئەمستردام دابەزیبون، رەحمەتی کاک شازاد جەمیل سایب، دۆستێکی زۆر نزیکی مام جلال
بو، پێی گوتم با سەردانی مام جلال بکەین. سەرەتای نیوەرۆ چوینە هوتێلەکە، لە گەڵ
مام جلال ئەم بەرێزانە ئامادەبون: دکتۆر لەتیف و حەمە سابیر، دو ئاوەڵزاوای مام
جلال، مستەفا چاورەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە نیشتەجێی هۆڵەندا بو لە گەڵ
راوێژکارێکی تازەی مام جلال ( لە بەر هەندێک هۆکار ناوی نابەم ) لە گەڵ کاک شازاد
و بەندە. لە دانیشتنێکی دۆستانە و نەرمدا باس هاتە سەر سیاسەت، بێگومان کێشەکانی
نێوان پارتی و یەکێتی تەوەرێکی گرنگی باسەکان بو.
لە میانەی باسکردنەکەدا ئەو راوێژکارە نوێیە روی لە مام جلال کرد و گوتی:
مام جلال پارتی وەک دراوسێیەک وایە تەماعی لە ماڵ و حاڵم کردوە، دەبێت پێشوەخت رێگرییان
لێ بکرێت.
کە مام جلال وەڵامی دایەوە لە تەعابیری دەموچاو و تۆنی قسەکردنیدا هەرچی کارەسات و
دەردەسەری ئەزمونی سیاسی خۆی بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک تا ئەو ساتە لە گەڵ
پارتیدا لێ دەباری، زۆر هێمنانە گوتی:
کاکە لە هەمو یاسا ورێساکانی دنیادا نیەت بەتەنها نابێتە تاوان، با پارتی تەماعی
هەبێت کەوتۆتە سەرخۆمان چۆن مامەڵە لە گەڵیان بکەین، بۆخۆم چی لە توانامدا بێت
رێگری لە سەرهەڵدانی شەر دەکەم، گەر شەریش یەخەمانی گرت چیم پێ بکرێت بۆ
دامرکاندنەوەی دەیکەم.
ئەم روداوە باس دەکەم تا قوڵتر لە ناوەرۆکی ململانێ و دۆستایەتی نێوان پارتی و نەوەی نوێی ناو یەکێتی دوای
وەفاتی مام جلال تێبگەین. مام جلال هەمیشە بە هەوادارانی توندی و شەر لە گەڵ
پارتیدا گوتویەتی: ئەزمونی جەلالی و مەلایی بۆ من بۆتە رابوردو و هەر هەڵەیەکی گەورەی تر بکەم تەمەن دەرفەتم پێنادات راستی
بکەمەوە.
مام جلال دوای شکستی هەڵمەتی جەلالی و شۆرشی ئەیلول و دروستبونی یەکێتی گەیشتبوە
ئەو قەناعەتەی خۆ رادەستکردن بە ئیرادەی پارتی یەکسانە بە لاوازکردنی خۆی و
هاورێکانی و یەکێتی، بۆیە لەزۆربەی قۆناغەکانی دوای راپەرین و روخاندنی سەدامەوە
رێگەی ململانێی و دوستایەتی لە گەڵ پارتی هەڵبژارد.
ئەوسات یەکێک لە شارێگاکان بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی و بنەماڵەکەی و یەکێتی ململانێکردنێکی
نەرمی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بو، بە مەرجێک نەگاتە سەر ئێسک، چونکە ئەزمونەکانی
خۆی و سەرکردەکانی تر لە گەڵ پارتی سەلماندویانە گەر جەمسەرێکی بەهێزی جیاواز لە
پارتی نەبیت پێگەیەکی ئەوتۆت نامێنێت.
کەم نەبون ئەو سەرکردە و کەسایەتیانەی کە خوازیار نەبون یاخود نەیانتوانیوە
ململانێ لە گەڵ پارتی بکەن، ناویشیان لە لاپەرەکانی مێژودا کاڵبۆتەوە.
بە مەزەندی خۆم هاوتەریب لە گەڵ ئەو بۆچونەدا شکستی بەشێک لە نمونەکانی حزبی
جیاواز لە مۆدێلی پارتی مام جەلالی گەیاندە قەناعەت بۆ کۆپیکردنی مۆدێلی پارتی
بەشێوازێکی جیاوازتر. مۆدێلێک دەسەڵاتی رەهای بنەماڵە کرۆکەکەی دروست بکات. تا
ماوەیەکیش دوای خولەکانی شەری ناوخۆ مام جلال کەرەستەی پێویستی ئامادەکراوی بنەماڵەی لە بەر دەستدا
نەبو.
مام جلال لە ژیانی سیاسیدا چەند خەسڵەتێکی تایبەت بەخۆی هەبو، هاورێ و
هاوخەباتەکانی لایەنە ئەرێن و نەرێنەکانی ئەو خەسڵەتانەی کە کاریگەریان لەسەر
ئەوان و یەکێتیش دەکرد دەزانی و بەشێکیشیان قبوڵ دەکرد. یەکێک لەوانە مام جلال حسابی
وردی جێگیری بۆ ئەزمونەکانی خۆی و هاورێکانی نەدەکرد، بە باوەری خۆم بەشێکی لە دڵسافیەوە
بو و بەشێکی تریشی لەوەوە سەرچاوەی کردبو کە ترسی لە مێژو نەبو، بەپێی کەش و هەوای
رۆژ و شوێن مامەڵەی لە گەڵ ئەزمون و یادوەریە فرە رەنگەکانی ژیانی سیاسی و روداوە
ئانییەکان و بەرامبەرەکانی دەکرد، ئەمەشی لە گەڵ دۆست و هاورێ و نەیار و
دوژمنەکانیشی پێرەو دەکرد، باشترین نمونە چۆنیەتی مامەڵەکردنی بو لە گەڵ کاک
نەوشیروان هاوخەباتی تەمەنی. خوالێخۆشبو بە درێژایی تەمەنی رانەهاتبو لەسەر
ریتمێکی جێگیر سیاسەت بەرێبکات، رەنگبێ ناچارکردنی سەرکردەکانی کورد لە ژێر زەبری
دۆخی عێراق و ناوچەکە فێری جۆرێک لە
خۆماتدان و جێگۆرکێی سیاسەت دارشتن و کردنی کردبێت: متمانەت پێناکەم و دەمەوێت
بەناخی زەویدا بچیت بەڵام ناچارم دۆستایەتی و کاری هاوبەشیشت لە گەڵ بکەم، مام
جلال راشکاوانە ئەمەی پێرەو دەکرد، بەلایەوە زۆر ئاسایی بو بۆ بەرژەوەندی
نەتەوەکەی خۆی لە گەڵ دۆخە جیاکاندا بگونجێنێت، زۆربەی سەرکردەکانی تر ژێر بەژێر و
زیگزاگانە دەیان کرد.
تا ئەم چرکەیەش ئەم هاوکێشە تەم ومـژاویە نەریتێکی بەرچاوی وارسەکانی خوێن و سیاسی
و مەعنەوی مام جلالە. ئەم پارادۆکسە لە لایەک جومگەیەکی لاوازی ژیانی خەبات و
سیاسی مام جلال بو و لەلاکەی تریشەوە زامنی پێگەی بەهێز و مانەوەی ئەو سەرکردە ناودارەی
کورد بو، جۆرێک بو لە " الصراع من اجل البقاء ". ئێستا وارسە رێکخراوەیی
و سیاسی و مەعنەویە دەسەڵاتدارەکانی مام جلال مەبەستیانە بە هەمان ناوەرۆک ئەو
نەهجە پێرەو بکەن، بەڵام بە جیاوازیەکی زۆر زەق لەوەی سەردەمی مام جلال، مام جلال
تاکە مەرجەع و بریاردەری سەردەمی خۆی بو، ئیستا وارسەکان پارچەپارچە بون، راستە هەر
یەک لێیان لە ئاوازێک دەخوێنێت، گەر ئەم واقیعە ئاوێنەی چەمکی ململانێی توند و
دۆستایەتی بێت لە گەڵ رکابەرە بەهێزەکانی یەکێتی ئەوا نەریتەکەی مام جلال بە دو
بەرە بەرێدەکەن و هێمنی نێوان خۆشیان رادەگرن، پارتیش درێژە بە مامەڵە دێرینەکانی لە
گەڵیاندا دەدات، لەم مامەڵەکردنەدا خۆی لە قەرەی ئەزمونەکانی لە گەڵ مام جلال نادات
و تێکەڵیشیان بە دۆخی ئێستا ناکات، بەڵکو مامەڵەی جیاواز لە گەڵ ئەو دو بەرەیەی
یەکێتیدا دەکات و مەبەستیشیەتی هەر بە دو تەرەفی بمێننەوە، تەرەفێک دەسەڵات و پێگە
و پشکی خۆی لە پارە دەوێت و دوەمیش تەحەداکردن و ئاودانی نارازی توندی زۆربەی
جەماوەری یەکێتی بەرامبەر بە پارتی.
باڤڵ و قوباد دو کوری مام جلال لە بنەرەتدا بەهۆی باوکیانەوە ئەو پێگانەی ئێستایان
دەست کەوتوە، سرف تەوریسی سیاسیە، خزمەکانی مام جلال تایبەت شێخ لاهور زیاتر بە هیمەتی
خۆی ئەو پێگەیەی ئێستای بەدەست هێناوە و پەیوەندی راستەوخۆی بە تەوریسی سیاسیەوە
نیە. ئێستا ئەم سێ کەسایەتیە دەسەڵاتدارە بەهێزەکانی یەکێتی پێکدەهێنن. سەرکردە
دێرینەکانی یەکێتی، زۆربەیان هاوخەباتی مام جلال بون، کاریگەری جارانیان زۆر
کاڵبۆتەوە، هەرچەندە ئەم کۆمەڵە دێرینە بەوردی بەشێک بون لە هێڵە گشتیەکانی
سیاسەتکردنی مام جلال و لێشی تێگەیشتون بەڵام بەهۆی گەلێک هۆکارەوە نیەت و توانای
پێرەوکردنی ململانێی ودۆستایەتیان لە گەڵ رکابەر و بەرامبەرەکانی یەکێتی، تایبەت
لە گەڵ پارتیدا، زۆر کاڵبونەتەوە، ئەزمونەکانیان تا پێش دوا کۆنگرەی یەکێتی،
کۆنگرەی گۆرینی دەسەڵات، پێگەی یەکێتی یان لەسەر ئاستی سیاسی و حوکمرانی هەستیار لاواز
کردبو. هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پاشەکشەکردنە بە پێڕەونەکردنی هاوکێشە بنەرەتیەکەی مام
جلال و دوا قەناعەتەکانی ژیانی کراوە. بێگومان دروستکردنی ناوەندی بریار و
هاوپەیمانی نیشتمانی و پوچەڵکردنی رێکەوتنی نێوان مام جلال و کاک نەوشیروان ئەو
ئاماژە زەقانەن کە هاوخەباتە دێرینەکانی مام جلال نەیانتوانیوە و نەشیان ویستوە درێژە
بە شێوازی سیاسەتکردنی مام جلال بدەن، بەڵکو سوراغی هێمنی و جێگیربونی سیاسی و
حوکمرانی و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان بون.
سەرەرای ئەوەی بوژاندنەوەی بەهێزی چەمکی ململانێ و دۆستایەتی لە گەڵ پارتی کات و
وزە و توانای سیاسی زۆری پێویستە، بەڵام لە ئێستادا هەنگاوە تاک لایەنەکانی بەشێکی
دەسەڵاتدارانی یەکێتی و قبوڵکردنی را و هەڵسەنگاندنی جیاواز و دور لە یەکتر لە ناو
سەرکردایەتی یەکێتی و فراکسیۆنەکانی یەکێتی لە بەغدا و هەولێر و ئەنجومەنی پاریزگاکان
و نەسجکردنی پەیوەندی تاک لایەنە لە گەڵ بەغدا ئاماژەی گرنگن بۆ گەرمکردنی تونی
ئەو چەمکە، ئێستا رکابەر و لایەنەکانی تر حسابێکی وردتر و قوڵتر بۆ یەکێتی دەکەن.
هۆشداری دان بە تیمی حوکمرانی و پەرلەمانی یەکێتی لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە و
سرکردنی مەلا بەختیار ئاماژەی گەورەن بۆ نیەتی چەسپاندنی بەهێزی چەمکی
رکابەریکردنی توندی پارتی و لە لاکەی تریشەوە هێشتنەوەی
" شعرة معاویة" لە گەڵ پارتیدا بە رێگەی تیمە لاوازەکەی یەکێتی لە پرسەکانی
حوکمرانیدا.
شایستەی ئاماژە پێکردنیشە کە لوتکەی دەسەڵاتی ئێستای گۆڕان کۆپیەکی خەستی ئەو جۆرە
هاوخەباتە دێرینانەی مام جلال ن کە لە سایەی حوکم و دەسکەوت و پێگەدا خۆیان
کرکردوە و نقەیان لێوە نادێت، ئەوە هەر باسی ململانێ ناکەین.
بە کوردی و کورتی ئەو جۆرە سیاسەتمەدارانە هەم مێژو و هەم دۆخی ئێستای حوکمرانی
دەستەمۆیان کردون و چەقیشیان پێبەستون، بۆیە ئەمجۆرە ئەقڵیەتە توانای وروژاندن و
جوڵەپێکردنی تەوەرە گرنگەکانیان نەماوە، ناو بە ناو گوێت لە نوزەیەکیان دەبێت کە
بەس ناتقەکەی لێرە و لەوێ گوێی لە سەداکەی خۆی دەبێت.
تەرەفی تەحەداکردنی پارتی لە ناو یەکێتیدا هەوڵێکی زۆر دەدەن ئەم تاقمە
دەسەڵاتدارەی گۆڕان بەلای خۆیاند رابکێشن، باشترە ئەو تەرەفە هەوڵەکانی لە شتی
تردا بەگەر بخات، چونکە ئەم تاقمەی گۆڕان خوازیار نیە و ئیرادەشی نیە تەحەدای مێشولەیەکیش بکات، سەریان بۆ زۆر پرس
دەلەقێنن، عەرەب وتەنی:
فاقد الشيء لا یعطیە، ئەویش ئیرادەیە.
پرسیارە گرنگەکان ئەمانەن:
دەوڵەتی عێراق لە لێواری دارمانی ئابوریدایە، حکومەتی هەرێم لەو خراپتر، تا دێت
پارسەنگی هێز بە بەرژەوەندی بەغدا دەشکێتەوە و گەمەی دارمانی داشی دامە لە گەڵ
هەرێمدا دەکات، پارتی بۆ مامەڵەکردنێکی پاسیڤانە لە گەڵ ئەم دۆخەدا تیمی یەکێتی لە
حکومەتدا کردۆتە واجهە، کاتێک ئەم تیمە هەوڵێک دەدات راستەوخۆ لە ناو جەمسەرەکەی
تری ناو یەکێتی تاکلایەنە بەرەو بەغدا دەرۆن و لە گەڵ کازمی کۆدەبنەوە و لەوانەشە لەسەر
چەند شتێکیش رێککەوتبن، ئەمە چەندی بەچەندە؟ خۆ بەفریادرەسی میللەت و حوکمرانی زانینە
یاخود بەشێکی دارێژراوی ململانێی و دۆستایەتیە لە گەڵ پارتیدا؟
پرسیارێکی تر ئایا دەسەڵاتدارانی یەکێتی توانای درێژەدان و توندکردنی ئەو
تەحەدایەی پارتیان هەیە؟ ئایا بەم شێوازە سیاسەتکردن چ لە کێشە و قەیرانە
گەورەکانی هەرێم کەم دەکەنەوە بگرە لەوەی باسی چارەکردنیان بکەین؟
ئایا هاوخەباتە دێرینەکانی مام جلال لە ناو یەکێتی چ کارە دەبن و بەم شێوازە
پاسیڤەی ئێستا چاوەروانی گۆدۆ دەکەن، یاخود دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتوە؟
وەڵام لای کرداری زۆربەیانە، نەک سورانەوە لە بازنە تاریکەکانیاندا.