وەزیری ناوخۆی توركیا دەستپێكردنی پرۆسەیەكی نوێی ئەمنی بۆ هەردوو وەرزی پایزو زستان راگەیاند.
ئاوێنە: سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاندوە، پرۆسەی (ئارن حسار) كە پرۆسەیەكی ئەمنییە بۆ هەردوو وەرزی پایزو زستان دەستپێدەكات و تیایدا هەزارو 600 چەكداری هێزە ئەمنییەكان لەشاری شرناخ بەشداری تیادا دەكەن.
سۆیلو وتوشیەتی: لە پرۆسەی پێشتری ئارن حساری وەرزی هاویندا هێزەكانیان توانیویانە 98 چەكداری پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە) بكەنە ئامانج.
هێزەكانی سوپای توركیا پرۆسەكانیان لە باشورو رۆژئاوای كوردستان دژی چەكدارانی پەكەكەو پەیەدەو یەپەژە دەستپێكردوەو پێشتریش وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو كە ئەو پرۆسە سەربازی و ئەمنیانە بەردەوام دەبن تاكو مەترسیەكانی پەكەكەو یەپەگە لەسنورەكانی وڵاتەكەیان دوردەخەنەوە.