وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بڕیارە عێراق 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بنێرێت.
ئاوێنه: لە راگەیەندراوێکدا سامانە سروشتییەکان دەڵێت: "ئەو 50 ملیۆن لیترە زۆر لە پشكی هەرێمی كوردستان كەمترە و تەنیا بەشی 19%ـى پێویستی خێزانەکان دەکات".
ئاشکراشی دەکات، "بۆ زستانی ئەمساڵ 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک و 215 هەزار خێزان لە هەرێمى کوردستان دابەشكراوە و دابەشكردنی نەوت سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتووەتەوە و تەنیا 127 هەزار و 808 خێزان نەوتییان وەرنەگرتووە".
لە هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 256 هەزار خێزان هەن و بە گوێرەی پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەبێت هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتى 200 لیترى بە 104 هەزار دینار وەربگرێت.