هەرچەندە بەشێكی زۆری نوسەران و رۆشنبیرانی كورد فەرمانێكی وەزارەتی
رۆشنبیری هەرێم بۆ چاپكردنی كتێب بە "سانسۆر" ناودەبەن، بەڵام وەزیری
رۆشنبیر جەخت دەكاتەوە كە رێكخستنەوەی ژمارەی سپاردن سانسۆر نییە.
ئاوێنە: بەپێی قسەی رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی
رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ لە دیدارێكیاندا لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی
كوردستان، حەمەی حمە سەعید، باسیان لە نیگەرانیەكانی سەنتەری میترۆو داكۆكیكارانی
مافی مرۆڤ و ئازادییەكان كردوە دەربارەی "فەرمانی وەزاری تایبەت بە ژمارەی
سپاردن" كە لە 4ی ئەیلول دەرچوە، هەروەها داخستنی ئۆفیسی ئین ئارتی لە هەولێرو
دهۆك.
لەو دیدارەدا
وەزیری رۆشنبیری باسی لەوە كردوە كە "یاسای چاپەمەنی
هەرێمی كوردستانی عێراق" لە مادەی دوەمیدا
هاتوە: چاودێری (رقابە) لە هەرێمدا ناخرێتە سەر چاپەمەنی و هەر هاوڵاتییەكی سەربەستە
لە دەركردنی هەر چاپەمەنییەكدا بە پێی حوكەمەكانی ئەم یاسایە.
وتوشیەتی: لە مادەی نۆیەمیدا ئاماژە بەوە كراوە بڵاوكردنەوە لەو بابەتانە قەدەغەن
كە هانی ئەنجامدانی تاوان و كاری تیرۆریستی یان ناوزڕاندن یان دەستدرێژین بۆ سەر
حورمەتی ئایین و مەزهەبەكان، دەدەن.
هەروەك وەزیری
رۆشنبیری وتوشیەتی"سەرباری ئەم دەقانە كە زۆر رونن لە وەزارەتەكەی
ئێمە نە سانسۆرو نە قەدەغەی چاپەمەنی هەبوە."
وەزیری رۆشنبیری باسی لەوەشكردوە "دەمانەوێ ریزبەندی ژمارەی كتێبە
چاپكراوەكان، واتە ژمارەی سپاردن لە سەر ئاستی كوردستان رێكبخرێتەوە بە شێوەیەك لەسەر
ئاستی كوردستان بزانرێت ژمارەی سپاردن گەیشتوە بە چەند" وتوشیەتی"دڵنیابن
كارێك نابینن دژ بە پرەنسیپەكانی خۆم و حزبەكەم بێت."
لەگەڵ ئەوەشی وتویەتی"رێنمایی ژمارە (6) كە من ئاماژەم پێكردوە نە لە
زەمانی من نە لە زەمانی ئەم كابینەیە دەرچوە، كە ئەویش پشتی بە یاسای چاپەمەنی ساڵی
1993 بەستتوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لە بری قسەكردن لە سەر رێنمایی وەزاری هەقە قسە لەسەر
گۆرینی ئەو بەندانە بكرێت كە كۆتوبەندی بۆ ئازادی بڵاوكردنەوە داناوە."
هەروەها دەربارەی داخستنی ئۆفیسەكانی كەناڵی ئین ئارتی وتی"من وەڵامی
ئەوەم داوەتەوە كە وەزارەت پەیوەندی بە داخستنی ئۆفیسەكانی ئین ئارتی نییە بەڵكو ئەوە
پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە."
ئەوەش لەكاتێكدایە
كە بەشێكی زۆری نوسەران و رۆشنبیرانی كورد رەخنەیان لەو فەرمانەی وەزارەتی
رۆشنبیری كردوەو داوای راگرتنیان كردوەو بەشێكیشیان وتویانە كە پابەندنابن پێیەوە.