هانی‌ فحص.. لوبنانییەکی عێراقیی
  2019-04-20       2323       

ئا: ئاوێنە

 

هانی‌ مسته‌فا فحص (1946 - 2014) دیارترین روناكبیری‌ ئایینیی‌ شیعه‌كان له‌دوا رۆژه‌كانی‌ ساڵی‌ 2014دا گیانی‌ سپارد، ئه‌و پیاوێكی‌ ئایینی‌ ده‌گمه‌ن‌و جیاواز، نوسه‌رێكی‌ گه‌وره‌، چالاكوانێكی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌، هه‌واداری‌ سه‌رسه‌ختی‌ گفتوگۆی‌ نێوان ئایینه‌كان بو.
هانی‌ فحص له‌شارۆچكه‌یه‌كی‌ هه‌ژارنشینی‌ شیعه‌ی‌ لوبنان له‌دایكبو، هێشتا ئه‌و ته‌مه‌نی‌ نه‌گه‌یشتبوه‌ 18 ساڵیی‌، كه‌ بۆ خوێندن له‌حه‌وزه‌ی‌ عیلمییه‌ رویكرده‌ عێراق‌و ماوه‌ی‌ 10 ساڵ‌ له‌شاری‌ نه‌جه‌ف مایه‌وه‌، له‌حه‌وزه‌ی‌ نه‌جه‌ف به‌دیستۆفسكی‌‌و تۆلستۆی‌‌و ئه‌دگار ئالان پۆو سارته‌رو بابلۆ نیرۆداو گرامشی‌ ئاشنا ده‌بێت‌و به‌گیڤاراش سه‌رسام. 
وه‌ختی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ لوبنان، هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ڕپه‌ڕاندنی‌ رێكخراوی‌ رزگاریبه‌خشی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ئه‌رده‌ن‌و جێكردنه‌وه‌یان له‌لوبنان، كه‌ باشوری‌ لوبنان"مه‌ڵبه‌ندی‌ سه‌ره‌كی‌ شیعه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌" ده‌كه‌نه‌ گۆڕه‌پانی‌ جموجۆڵی‌ سه‌ربازییان له‌دژی‌ ئیسرائیل، له‌و رۆژگاره‌دا هانی‌ فحص ده‌بێته‌ راوێژكارێكی‌ نزیكی‌ یاسر عه‌ره‌فاتی‌ سه‌ركرده‌ی‌ فه‌له‌ستینییه‌كان‌و پشتگیریی‌ له‌خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ دژ به‌ئیسرائیل ده‌كات، له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌یه‌ی‌ 1970دا ده‌بێته‌ هاوڕێی‌ موسا سه‌درو پشتیوانی‌ له‌ڕاپه‌ڕینی‌ جوتیارانی‌ شیعه‌ ده‌كات له‌دژی‌ ده‌ره‌به‌گه‌كان‌و تێكه‌ڵ‌ به‌نه‌یارانی‌ دورخراوه‌ی‌ رژێمی‌ شای‌ ئێران ده‌بات‌و پشتیوانی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شۆڕشی‌ ئێران ده‌كات، ده‌بێته‌ پشتیوانی‌ خومه‌ینی‌‌و هاوڕێیه‌تی‌ یاسر عه‌ره‌فات ده‌كات له‌یه‌كه‌م گه‌شتیدا بۆ تاران دوای‌ روخانی‌ شاو سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشی‌ ئێران.
له‌نێوان ساڵانی‌ 1982 تا 1985 له‌تاران نیشته‌جێ‌ ده‌بێت‌و وه‌ك راوێژكاری‌ مه‌كته‌بی‌ راگه‌یاندنی‌ حه‌وزه‌ی‌ قوم كارده‌كات،
زۆربه‌ی‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران هه‌ر له‌خومه‌ینی‌‌و مونته‌زرییه‌وه‌ بگره‌ تا خامه‌نه‌ئی‌‌و مشكینی‌ ده‌ناسێت‌و ده‌بێته‌ هاوڕێی‌ نزیكی محه‌مه‌دی‌ خاته‌می‌. 
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ لوبنان، هانی‌ فحص هه‌ستده‌كات ته‌نها مزگه‌وت ناتوانێت په‌نجه‌ره‌ به‌ڕوی‌ روئیاكانیدا بكاته‌وه‌، 
له‌ناو دامه‌زراوه‌ی‌ ئایینیدا ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ته‌كفیركردن گرت، گفتوگۆی‌ ده‌رباره‌ی‌ نوێگه‌ری‌‌و چه‌پ ده‌كردو كه‌سێكی‌ نزیك له‌مه‌سیحییه‌كان‌و سوننه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بو، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ له‌بیر‌وبۆچوندا پێچه‌وانه‌ی‌ بون، رێزیان لێده‌گرت.
ئه‌م ده‌نگه‌ میانڕه‌وه‌و بێگه‌رده‌ی‌ شیعه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئاڕاسته‌ی‌ باوه‌وه‌ پشتیوانی‌ نه‌ له‌حیزبوڵا‌و نه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ل نه‌كرد، ئه‌و ته‌نها پیاوی‌ ئایینی‌ بوه‌، له‌یه‌ككاتدا هه‌م پشتیوانی‌ له‌شۆڕشی‌ خه‌ڵكی‌ سوریا‌و هه‌م پشتگیریی‌ له‌راپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ به‌حرێن ده‌كرد، هانی‌ فحص راشكاوانه‌ دژی‌ به‌شداریكردنی‌ حیزبوڵای‌ لوبنانیش بو له‌شه‌ڕی‌ سوریادا‌و داوای‌ له‌شیعه‌كان ده‌كرد پشتیوانی‌ له‌شۆڕشی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن.
ئه‌م نوسه‌ره‌ ده‌ستڕه‌نگینه‌ كه‌ به‌شێوازێكی‌ ئێجگار سه‌رنجڕاكێش شیعری‌ ده‌نوسی‌‌و ده‌دوا، سیازده‌ كتێبی‌ چاپكردوه‌، كه‌ گرنگترینیان "ئه‌و رابردوه‌ی‌ تێناپه‌ڕێت"ه‌، هانی‌ فحص له‌م كتێبه‌دا شوناسی‌ خۆی‌ به‌عێراقی‌ ناوده‌بات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌پێكهاته‌و یاده‌وه‌ریی‌‌و كه‌سێتیدا عێراقییه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×