وەزارەتی بازرگانی گەیشتنی بڕی 84 هەزار تەن برنجی تایلەندی لە ڕێگەی دوو کەشتیی گەورەوە بۆ بەندەری عەقەبە ڕاگەیاند، کە بڕیارە لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراکدا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەرەستەی خۆراکی سەر بە وەزارەتی بازرگانی، ئەو بڕە برنجە لە ڕێگەی دوو کەشتییەوە گواستراوەتەوە؛ کەشتیی یەکەمیان بڕی 40 هەزار تەن و کەشتیی دووەمیش 44 هەزار تەن برنجی لەخۆگرتووە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێنانی ئەم بڕە خۆراکە لە چوارچێوەی پلانەکانیاندایە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سەبەتەی خۆراک و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی پڕۆسەی دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییاندا.
لەبارەی کوالێتیی برنجە هاوردەکراوەکەوە، لەما هاشم ئەلموسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی کەرەستەی خۆراکی ڕایگەیاند، تیمەکانی بەشی کۆنتڕۆڵی جۆری بەپێی ڕێنماییە پەسەندکراوەکان، دەستیان بە گرتنەبەری ڕێکارە خۆپارێزی و پێویستەکان کردووە، بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی برنجەکە و گونجانی لەگەڵ پێوەرە ستانداردە دیاریکراوەکاندا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی بەدواداچوونە مەیدانییەکان و بوونی هەماهەنگی لەنێوان بەشە پەیوەندیدارەکاندا کردەوە، تاوەکو ڕێکارە کارگێڕی و هونەرییەکان بە خێرایی و لێهاتوویی تەواو بکرێن و یارمەتیدەر بن لە جێگیرکردنی ماددەکانی سەبەتەی خۆراک و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان.