توركیا لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە پشتگیری خۆی راگەیاند
  2026-11-07     

دەربارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئەو حزبە خستە روو و "بە باشی" وەسفکردووە.

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (ئەرمان تۆپچو) کونسوڵى گشتى تورکیا لە هەولێر کرد.

هەروەها فازڵ میرانى تیشکى خستە سەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان به‌ تایبه‌تی و عێراق و ناوچەکە به‌ گشتی و ئاماژه‌ی به‌ هه‌نگاوی كاراكردنی په‌رله‌مان كردوو به‌ ده‌ستپێكێكی ئه‌رێنی زانی بۆ ڕزگار بوون له‌م چه‌قبه‌ستووه‌ی دوو ساڵی ڕابردوو و هیوای خواست هه‌موو لایه‌نه‌كان كێشه‌ و گرفته‌كان به‌لاوه‌ بنێن و به‌شدار بن له‌ پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

بەرپرسى دەستەى کارگێڕى جه‌ختی كردەوە، كه‌ پەیوەندییه‌كانی نێوان كۆماری تورکیا و هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى زۆر باش دایە و به‌رەو پێش ده‌ڕوات.

لای خۆشییەوە ئەرمان تۆپچو، کونسوڵى گشتى تورکیا لە هەولێر دووپاتى کردەوە، کە پەیوەندییه‌كانی نێوان كۆماری تورکیا و هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى زۆر باش دایە به‌رەو پێش ده‌ڕوات لە هەموو بوارەکاندا.

هەروەها ئه‌م هه‌نگاوه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كاراكردنی په‌رله‌مان به‌ "باش نرخاند" و هیوای خواست كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ڕێکكه‌وتنێك و حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنن. لە کۆتایى دا هیواى خواست ئه‌م ئارامییه‌ و پێشكه‌وتنه‌ی هەرێمى کوردستان به‌رده‌وام بێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×