گادی ئایزنکۆت؛ ئەو ژەنەراڵە بێدەنگەی بە پشتیوانیی عەرەبەکان کۆتایی بە سەردەمی نەتەنیاهوو دەهێنێت
  2026-11-08     

​بە راسپاردنی فەرمی لەلایەن ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیلەوە لە رۆژی شەممەدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، گادی ئایزنکۆت توانی لە رکابەرییەکی سیاسیی هەستیاردا بەسەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ماوەبەسەرچوودا سەربکەوێت. بەڵام ئەم ژەنەراڵە پارێزگارە، کە بەشێک لە دەنگدەران هێمنییەکەی وەک خاڵی جیاکەرەوە لە رکابەرەکەی دەبینن، هێشتا لەبەردەم ئاڵنگاریی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکدایە بۆ مسۆگەرکردنی متمانەی پەرلەمان (کنێست).

​هاوکێشەی کورسییەکان و رۆڵی یەکلاکەرەوەی لیستە عەرەبییەکان

ئاوێنە: ​لە هەڵبژاردنەکانی ٢٧ی تشرینی یەکەمدا، بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی ئایزنکۆتی تەمەن ٦٦ ساڵ (سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپا)، توانی ٤٨ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسییەکەی کنێست بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەردا بەرەکەی نەتەنیاهوو ٥٣ کورسیی مسۆگەر کرد.

​ئەوەی هاوکێشەکەی گۆڕی، ئەنجامە بێپێشینەکەی دوو لیستە عەرەبییەکە («یەکگرتوو» و «هاوبەش») بوو کە توانییان ١٩ کورسی بەدەستبهێنن. هەردوو لیستەکە پێشنیازی راسپاردنی ئایزنکۆتیان کرد، بەمەش ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی پشتیوانییان لە راسپاردنی ناوبراو کرد گەیشتە ٦٧ ئەندام. لە ئێستادا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا بلۆکەکەی ئایزنکۆت ئامادەیە پشت بە دەنگی ئەو دوو لیستە عەرەبییە ببەستێت بۆ وەرگرتنی متمانەی کۆتایی لە کنێستدا یان نا.

​جیاوازیی کەسایەتی؛ خاکەڕایی لە بەرامبەر کاریزمادا

​بۆ ئەو دەنگدەرانەی کە لە لێدوانە مشتومڕاوییەکانی نەتەنیاهوو بێزار بوون، نەبوونی «کاریزما» لە کەسایەتیی ئایزنکۆتدا وەک یەکێک لە دیارترین خاڵە بەهێزەکانی دەبینرێت. ئایزنکۆت بە زەحمەت بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکات و هەمیشە هەوڵدەدات بە شێوازێکی جیدی و خاکەڕایانە دەربکەوێت. ئەمەش تەواو پێچەوانەی نەتەنیاهوویە کە زیاتر لە هەر سەرۆکوەزیرانێکی پێش خۆی لەسەر کورسیی دەسەڵات ماوەتەوە، بە ڕەوانی و بە شێوەزاری ئەمریکی بە ئینگلیزی دەدوێت، و شارەزایە لە دروستکردنی ئەو دەستەواژە سەرنجڕاکێشانەی کە دەبنە مانشێتی تەلەڤزیۆنەکانی ئەمریکا و بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە.

​چاککردنی وێنەی دەرەوە و ململانێ لەسەر دەنگی راستڕەوەکان

​ئایزنکۆت، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩ سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بووە، بەڵێنی داوە کۆمەڵگەی ئیسرائیلی یەکبخاتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵانی حوکمڕانیی نەتەنیاهوودا دابەشبوونە ناوخۆییەکان قووڵتر بوونەوە و پێگەی راستڕەوی تووندڕەو فراوانتر بوو. هاوکات بەڵێنی چاککردنی وێنەی ئیسرائیلی لە دەرەوە داوە، کە بەهۆی سێ ساڵ جەنگ لە کەرتی غەززە، تووندوتیژییەکانی کۆمەڵگە نشینگەسازەکان (موستەوتینەکان) لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو، هەروەها جەنگ و وێرانکارییە بەرفراوانەکانی باشووری لوبنان و پێشڕەوییە سەربازییەکان لە باشووری سووریا، زیانی زۆری بەرکەوتووە.

​لەم چوارچێوەیەدا، ئایزنکۆت هێرشەکانی ئەم دواییەی نشینگەسازەکانی بە «تیرۆری جوولەکە» وەسف کرد و حکومەتەکەی نەتەنیاهووی بە هاودەستی لەگەڵ ئەنجامدەرانی تۆمەتبار کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ راکێشانی دەنگی راستڕەوەکان و کێبڕکێکردنی نەتەنیاهوو، بەڵێنی داوە رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بکات؛ تەنانەت لە بانگەشەکانیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆنی بڵاوکردەوە کە تێیدا نەتەنیاهوو، لەژێر گوشاری ئەمریکادا، نەرمی بەرامبەر بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی نیشان دەدات.

​پاشخانی سەربازی و داڕشتنی «عەقیدەی زاحییە»

​لەسەر ئاستی سەربازی، ئایزنکۆت لە کاتی جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ «حیزبوڵڵا»دا، سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل بوو. لە ساڵی ٢٠٠٨دا و کاتێک فەرماندەی ناوچەی باکوور بوو، تیۆرییەکی سەربازیی خستەڕوو کە بە «عەقیدەی زاحییە» ناسرا (وەک ئاماژەیەک بۆ ناوچەی زاحییەی باشووری بەیرووت کە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانییە).

​ئەم عەقیدەیە بانگەشە بۆ بەکارهێنانی هێزێکی زەبەلاح و ناهاوسەنگ دەکات دژی ئەو ناوچانەی کە لێیانەوە تەقە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت، بەجۆرێک کە بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنیش دەگرێتەوە. ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا گەڕایەوە سەر جێبەجێکردنی هەمان عەقیدە، کە بووە هۆی وێرانکارییەکی گەورە و کوژرانی دەیان هەزار کەس؛ ئەمەش وایکرد دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە بکات کە ئەو کارانە دەچنە خانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگەوە.

​ڕەچەڵەکی کۆمەڵایەتی و تراژیدیای خێزانی

​ئایزنکۆت لە ناوخۆی ئیسرائیلدا هاوسۆزییەکی بەرفراوانی بەدەستهێنا دوای ئەوەی کوڕەکەی (گال) و دوو لە خزمەکانی لە جەنگی غەززەدا کوژران. جگە لەوەش، بەشێک لە سەرنجڕاکێشیی کەسایەتییەکەی لای دەنگدەران دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچەڵەکە چینی کرێکارییەکەی؛ ئەو کوڕی خێزانێکی کۆچبەری مەغریبە، لە شاری تەبەرییە لەدایکبووە و لە ئیلات گەورە بووە، دوور لەو چینە نوخبەیەی کە نەتەنیاهووی لێوە هاتووە (کە کوڕی مامۆستایەکی زانکۆی دیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە).

​ئەگەر ئایزنکۆت پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، دەبێتە یەکەم کەس لە جوولەکە رۆژهەڵاتییەکان (مەزراحیم - ئەوانەی ڕەچەڵەکی خێزانەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا) کە ئەو پۆستە باڵایە لە مێژووی ئیسرائیلدا بەڕێوەببات.

​پلاتفۆرمی سیاسی: لە کەرتی رۆژئاوا و غەززەوە بۆ پرسی سەربازیی زۆرەملێ

​لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ئایزنکۆت هەوڵیدا خیتابەکەی ئاراستەی دەنگدەران لەئاست و چینە جیاوازەکان بکات و دیدگای خۆی لەسەر پرسە سەرەکییەکان بەم شێوەیە خستەڕوو:

​کەرتی رۆژئاوا و نشینگەسازی: لەبەردەم جەماوەرێکی جوولەکە ئایینییەکاندا بەرگریی لە بەردەوامیی کۆنترۆڵی ئەمنیی ئیسرائیل بەسەر کەرتی رۆژئاوای داگیرکراودا کرد. لە بەرامبەردا، دژایەتیی خۆی بۆ لکاندنی فەرمیی خاکە فەڵەستینییەکان و دروستکردنی بنکەی نشینگەسازیی بێ مۆڵەت راگەیاند؛ ئەو بنکانەی کە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو چاوپۆشیی لێدەکردن و ببوونە هۆکاری هەڵکشانی تووندوتیژییەکان دژی فەڵەستینییەکان.

​ئایندەی غەززە و حەماس: بەڵێنی دا لە ماوەی ١٨ مانگدا کۆتایی بە حوکمڕانیی بزووتنەوەی «حەماس» لە غەززە بهێنێت. روونیشیکردەوە کە ئەمە یان لە رێگەی جێبەجێکردنی پلانی ئاگربەستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەبێت (کە باس لە چەکداماڵینی قۆناغ بە قۆناغی بزووتنەوەکە و گواستنەوەی دەسەڵات دەکات)، یان لە رێگەی «ئۆپەراسیۆنی سەربازیی داهێنەرانە» بە ئامانجی لەناوبردنی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە.

​خزمەتی سەربازی: سەبارەت بە پرسی بەخشینی خوێندکارانی پەیمانگە ئایینییە جوولەکەکان لە خزمەتی سەربازی، کە دوای سێ ساڵ لە جەنگ ناڕەزایەتییەکی قووڵی لەناو ئیسرائیلییەکاندا دروست کردووە، ئایزنکۆت بەڵێنی دا سنوورێک بۆ ئەو بەخشینە دابنێت. هەروەها بەڵێنی تێپەڕاندنی «یاسای خزمەتی نیشتمانیی گشتگیر»ی دا، کە جوولەکە تووندڕەوەکان (حەریدیم) و هاووڵاتییە عەرەبەکان ناچار دەکات خزمەتی سەربازی یان مەدەنی ئەنجام بدەن.

​دیموکراسی و دامەزراوەکان: ئایزنکۆت خۆی وەک بەربژێرێکی ناوەند-راست دەناسێنێت. بۆ راکێشانی دەنگدەرانی ناوەند و لیبراڵەکانیش—کە زۆربەیان ترسیان هەیە ساڵانی حوکمڕانیی نەتەنیاهوو دامەزراوە دیموکراسییەکانی وڵاتی لاواز کردبێت—بەڵێنی داوە کار بکات بۆ «پاراستنی سەربەخۆیی دادگا، سەروەریی یاسا، مافی کەمینەکان و رۆژنامەگەریی ئازاد».

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×