ئەمریکا هێزێکی تایبەت پێکدەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە هاتوچۆی چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئێران و لە ڕێگەی سنوورە وشکانییەکانی و دەریای خەزەرەوە گەمارۆی دەدات. لەهەمانکاتدا ئەمریکا هێزی سەربازی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەکات و خۆی بۆ ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر تاران ئامادە دەکات.
ئاوێنە: دوای گەمارۆی دەریایی چەند مانگێک بۆ سەر ئێران، سوپای ئەمریکا هێزێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکدەهێنێت کە ئامانجی بەهێزکردنی هەوڵەکانی واشنتۆنە بۆ سنووردارکردنی جووڵەی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو و کەرەستەی دیکە کە کەوتوونەتە ژێر سزاکان لەڕێگەی سنوورە وشکانییەکانی ئێران و دەریای خەزەرەوە .
پێکهێنانی ئەو هێزە تایبەتە کە تا ئێستا ئاشکرا نەکرابوو، بڕیارە بەم زووانە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) ڕابگەیەنرێت، بەپێی بەیاننامەیەک کە پێش بڵاوکردنەوەی دەستی ڕۆیتەرز کەوتووە.
ئەو هێزە نوێیە ناوی دەروازەی ئاسنین (Task Force Iron Gate) دەبێت و بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری تامپای ویلایەتی فلۆریدا دەبێت، هاوکات ئۆپەراسیۆنەکانی لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا هەماهەنگی دەکات.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند "بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی سێنتکۆم لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئەمریکا، توانای ئێران بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر، دووبارە بنیاتنانەوەی کارگەی چەک و پڕکردنەوەی کۆگا سەربازییەکانی زیاتر سنووردار دەکات"..
بەپێی خەمڵاندنەکانی سێنتکۆم، گەمارۆی دەریایی کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێندراوە، پێشتر ڕێگری لە ئێران کردووە کە بە بەهای زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار نەوتی خاو هەناردە بکات .
ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە فراوانبوونی ستراتیژییەتی فشارە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکایە لە دژی تاران ، لە کاتێکدا واشنتۆن ئێستا هەوڵدەدات نەک تەنها هەناردەکردنی دەریایی وڵاتەکە، بەڵکو ڕێگاکانی بازرگانی وشکانی و لۆجستیکی سنووردار بکات.