نهێنییەکانی پشت شکستی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی تەعز؛ شاخەکان و ستراتیژیی سەربازی چۆن هاوکێشەکەیان گۆڕی؟
  2026-11-08     

شاری تەعز، کە وەک سێیەم گەورەترین شاری یەمەن هەژمار دەکرێت و بە "شاری خەونەکان" و "پایتەختی ڕۆشنبیری"ی ئەو وڵاتە ناسراوە، پێگەیەکی جوگرافیی هەستیاری هەیە. شارەکە کەوتووەتە سەر چوارڕێیانێکی گرنگی هاتووچۆ کە جووڵەی نێوان پارێزگاکانی باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای وڵاتەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و کۆنترۆڵیان دەکات. سەرەڕای ئەم گرنگییە ستراتیژییە، هێزەکانی حووسی تا ئێستا لە کۆنترۆڵکردنی شارەکەدا سەرکەوتوو نەبوون.

​ئەزموونی جەنگی، سەنگەرەکان و هەڵکەوتەی شاخاوی

ئاوێنە: ​دکتۆر عەلی زەهەب، توێژەری تایبەتمەند لە کاروباری سەربازی و ستراتیژی، هۆکاری سەرنەکەوتنی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی شاری تەعز بۆ چەند فاکتەرێکی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە، کە دیارترینیان مانەوەی شارەکەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتدا لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا.

​بە گوتەی ئەو پسپۆڕە سەربازییە، ئەو ماوە درێژە ئەزموونێکی زۆری بە هێزەکان و چەکدارانی ناو شارەکە بەخشیوە لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی گەمارۆ و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان و تێکشکاندنی هەوڵەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر شارەکە، ئەمەش سەرەڕای بوونی سەنگەر و قایمکارییە بەرگرییە کۆن و نوێیەکان.

​خاڵێکی دیکەی یەکلاکەرەوە پەیوەستە بە سروشتی جوگرافیای ناوچەکەوە؛ هەڵکەوتەی شاخاویی تەعز و بوونی پشتێنەیەکی شاخاویی سەخت لە پشت شارەکەوە کە لە قەزاکانی (مەسراخ، سەبر مەوادم، مەشرەعە و حەدنان) پێکدێت، لەگەڵ چڕیی بیناسازی و دانیشتووان لە ناوخۆی شارەکەدا، بوونەتە بەربەستی سروشتی و مرۆیی لەبەردەم هێرشبەراندا.

​تێچووی قورسی هێرشەکان و گۆڕینی تاکتیک

​ئەو توێژەرە ستراتیژییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خۆڕاگریی هێزەکانی حکومەت و گرووپەکانی بەرگری، بووەتە هۆی دروستبوونی حاڵەتێک لە بێهیوایی و پاشەکشە لەناو ڕیزەکانی حووسییەکاندا، هاوکات توانای سەربازی و هێزی مرۆیی ئەوانی تووشی پووکانەوە کردووە. لەم نێوەندەشدا، هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵیان هەبووە لەوەی تێچووی هێرشکردنە سەر شارەکە چەندین هێندەی ئەوە بێت کە حووسییەکان پێشبینییان دەکرد.

​عەلی زەهەب ئاماژە بە فاکتەرێکی دیکەی گرنگ دەکات لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، ئەویش کشانەوەی هێزەکانی حکومەت و بەرگری بوو لە ناوچە گوندییەکانەوە بۆ ناو سەنتەری شاری تەعز (ناوەندی پارێزگاکە) بە مەبەستی بەرگریکردن لێی. ئەم هەنگاوە دەرفەتی پێدان ڕیزەکانیان لە ناوچە قایمەکاندا ڕێکبخەنەوە و توانای هێڵە بەرگرییەکانیان بەهێزتر بکەن. بەهۆی ئەم تاکتیکەوە، هێزەکانی حکومەت توانایەکی باشتریان لە ڕووبەڕووبوونەوەدا نیشان دا لەو ناوچە گرنگانەی کە درێژی و پانیی بەرەکانی شەڕ تێیاندا لەگەڵ ژمارەی سەرباز و چەک و تەقەمەنییەکانیاندا دەگونجا.

​لە ئەنجامی کۆی ئەم هۆکارانەدا، حووسییەکان ناچار بوون گوشارەکانیان لەسەر شاری تەعز کەم بکەنەوە و سەرنجیان بخەنە سەر پێشڕەویکردن بەرەو پارێزگای لەحج بە ئامانجی گەیشتن بە شاری عەدەن، یاخود بەهێزکردن و پاراستنی دەستکەوتەکانیان لە ناوچەی گەرووی بابولمەندەب، کە بە بڕوای زەهەب ئامانجی ستراتیژیی ئەو گرووپەیە.

​ململانێی فیکری و ڕەهەندی هەرێمی

​لە لایەکی دیکەوە، نەبیل بەکیری، نووسەر و توێژەری یەمەنی، لە ڕوانگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکات و پێی وایە کە تەعز لە ڕووی بابەتییەوە بە تەواوی پێچەوانەی پڕۆژەی حووسییەکانە. بەکیری لە لێدوانێکدا بۆ "ئەلجەزیرە نێت" ئاماژەی بەوە کردووە کە قەبارەی ئەو بەرگرییەی لە شارەکەدا هەیە، گوزارشت لە ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی حووسییەکان دەکات لەلایەن دانیشتووانی تەعزەوە، کە ناوبراو بە پڕۆژەیەکی "ئایینیی ئیمامی" وەسفی دەکات.

​ئەو توێژەرە یەمەنییە ڕوونیشی دەکاتەوە کە هاووڵاتییان لە تەعز وەک یەک دەست ڕووبەڕووی پڕۆژەی حووسییەکان وەستاونەتەوە و بە هەموو توانایەکیانەوە بەرگری لە شارەکەیان دەکەن، چونکە پێیان وایە ئەمە شەڕێکی چارەنووسسازە. بەکیری لە کۆتاییدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەنجامی ئەم جەنگە تەنها داهاتووی تەعز و یەمەن دیاری ناکات، بەڵکو کاریگەریی لەسەر دیاریکردنی داهاتووی تەواوی نیمچەدوورگەی عەرەبی دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×