باسم محەمەد خەزیر، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە پشتڕاستی کردەوە کە عێراق هەوڵ دەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی زیاد بکات و لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپێک گفتوگۆ دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوردەکردنی نەوت.
ئاوێنە: وەزیری نەوت لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتی "جیاوازی هەیە لەنێوان توانای بەرهەمهێنانی نەوت و توانای هاوردەکردنی لە عێراق، لە کاتێکدا عێراق پابەندە بەو سنوورەی بۆ هاوردەکردنی نەوت لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپێکەوە دیاری دەکرێت".
خەزیر ئاماژەی بەوەشکرد کە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپێک هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوردەکردنی نەوت، بەهۆی تایبەتمەندییەکانی عێراق و سروشتی ئەو بارودۆخانەی کە لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا بەسەریدا هاتوون.
هەر بەوتەی ناوبراو "عێراق شایستەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە، بۆ دابینکردنی ئەو داهاتە داراییە پێویستانەی کە بۆ گەشەپێدانی ژێرخان و جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەت پێویستن".
وەزیری نەوت لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە روو، "عێراق پابەندە بەو ئاستە بەرهەمهێنانەی کە ڕێکخراوی ئۆپێک بۆ وڵاتانی ئەندامی دیاری دەکات، کە دواتر بۆ عێراق بە ٤.٤٣١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دیاری کراوە".