غهریب حهسۆ، هاوسەرۆکی پەیەدە،رایگەیاند، ئاژاوەگێڕییە نەتەوەپەرستییەکانی حەسەکە مەترسیی شەڕ دەخوڵقێنن و ڕایگەیاند، گروپ لە دەرەوە دەهێنرێنە نێو شار و پێکەوەژیانی کورد و عەرەب دەکەنە ئامانج. دهشڵێت، ئامانجی سەرەکی ڕەتکردنەوەی زمان، ناسنامە، هێما و ئیرادەی کوردە.
ئاوێنه: غهریب حهسۆ، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات، لەبارەی روداوهكانی شاری حهسهكه به ئاژانسی فوڕات نیوزی راگهیاند، "ئاژاوەگێڕییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن. ئەم زیهنییەتە نەتەوەپەرستەی کە پێشتر کوردی ڕەت کردوەتەوە، ئەمڕۆ لە مەیداندایە. دەیانەوێت هێرش بکەن و نایەنەوێت ئینتێگراسیۆن پەرەبسێنێت. نایەنەوێت گفتوگۆ دروست ببێت. هەمیشە دەیانەوێت بە پیلان و ئاژاوەگێڕیی هێرش بکەنە سەر ئێمە و ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم و پرۆسەی ئینتێگراسیۆن تێکبدەن."
غهریب حەسۆ ڕاشیگەیاند کە هەندێک کەس لە دیجیتاڵ میدیا ئەم ئاژاوەگێڕییە ڕێکدەخەن و لە ناوچەکانی ترەوە گروپەکان هان دەدەن بۆ ئەوەی لە حەسەکە کۆببنەوە. حەسۆ وتیشی: "دەیانەوێت شەڕ لە نێوان کورد و عەرەبدا دروستبکەن. بەڵام کورد و عەرەب لەم ئاژاوەگێڕییانە گەورەترن."
ئەوەشی خستەڕو کە ئاژاوەگێڕییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ مەیدانی بەرفراوانتر بڵاودەبنەوە و وتی، لە گەڕەکە جیاوازەکانی حەسەکە هەوڵی هاوشێوە دران.
غهریب حەسۆ جەختی لەوە کردەوە کە پێکهاتەکانی ناوچهی جزیرە هەڵوێستێکی بەهێزیان لە دژی ئاژاوەگێڕییەکان نیشانداوە و ڕایگەیاند کە لە ڕوداوەکاندا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سێ هاوڵاتی برینداربون. ئهو ڕاشیگەیاند کە وەزارەتی ناوخۆ هێشتا لێدوانی نەداوە و ئەم هۆشدارییەی دا "دەبێت ڕوداوە نەتەوەپەرست و ئایینپەرستەکان ڕێگرییان لێ بکرێت. پاشەکشەی ئەمریکاش جارێکی تر ڕێگەی بۆ داعش کردەوە. لێرە داعش هەیە و ئەمە وەک هەلێک بەکاردەهێنێت."
حەسۆ ڕاشیگەیاند کە دۆخی حەسەکە ئارام بوەتەوە و گەل بۆ پاراستنی شارەکە بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو گروپانەی ئاژاوەگێڕیی دەکەن لە شەدادی، دێرەزۆر و تەل بەراکەوە دێن. وتیشی، ئاڵای سوریا وەک بیانو نیشان دەدرێت و ئەوەی خستەڕو کە ئامانجی سەرەکی ڕەتکردنەوەی زمان، ناسنامە، هێما و ئیرادەی کوردە.
حەسۆ وتیشی: "گەلی کورد ئاشتی، دیالۆگ، پێکەوەژیان و ئاشتیی دەوێت. بەڵام ئەوانی تر هەوڵدەدەن شەڕ و ئاژاوە دروست بکەن."
حەسۆ لە کۆتاییدا بانگەوازی کرد کە کوردانی حەسەکە و ناوچەکانی تر هۆشیار بن و نەکەونە ناو تەڵەی ئاژاوەگێڕیی گروپە نەتەوەپەرستەکانەوە. حەسۆ دوپاتی کردەوە کە مافی گەلی کوردە کە بون، زمان، خاک و مافەکانی خۆی بپارێزێت و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکاندا پێکەوەژیان و هەڵوێستی ئاشتییانە بپارێزێت.