هەورامان وریا قانع
جێگای داخ و نیگەرانییە، لەم سەردەمی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکردەدا، زانیاری هەڵە بکەیت بە پرۆگرامی خوێندن. کارەساتە بتوانیت بە کلیکێک و دوو کلیک و لە ماوەی تەنها چەند خولەکێکی کەمدا، هەر زانیارییەکت دەوێت، دێتە بەر دەستت، کەچی وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی زانستەکانی پۆلی شەش، لە کتێبی پرۆگرامی خوێندن، لەگەڵ ئەو هەمو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەدا، زانیاری هەڵە دەکەن بە مەنهەج و دەیخەنە بەر دەست مامۆستا و قوتابییەکان.
کتێبە تازەکەی زانستی پۆلی شەش، چاپی ٢٠٢٦، کە لە ئیمارات چاپ کراوە و لەوێوە لەگەڵ هەزاران کتێبی دیکە، بە تێچوویەکی زۆرەوە، هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە لاپەڕە ١٢ نووسراوە: (زانایان شوان و شلایدن لە ساڵی ١٨١٨ز دا بیردۆزی خانەیان دانا).
کتێبی زانستەکانی پۆلی شەشەی بنەڕەتی، سێ پسپۆڕی بایۆلۆجی، پسپۆڕێکی فیزیا، پسپۆڕێکی کیمیا، کاریان تێدا کردووە. وەلێ ئەو چوار پسپۆڕە بەڕێزە کە یەکێکیان ساڵانێکی زۆرە و ئەوانی دیکە لانی کەم سێ ساڵە، خەریکی دانانی کتێبەکانی زانست بۆ هەموانی قۆناغی بازنەی دووەمی بنەڕەتین، بەوەیان نەزانیوە کە زانای ئەڵمانی تیۆدۆر شوان، لە ساڵی ١٨١٨ وەک ئەوەی لە کتێبەکەدا هاتووە، تەمەنی تەنها هەشت ساڵ بووە و زانای ڕووەکناسی ئەڵمانی ماتیاس شیلایدن لەو ساڵەدا تەمەنی چواردە ساڵ بووە، ئیدی چۆن و بە چ شێوەیەک، ئەو دوو منداڵە لەو تەمەنە کەمەدا، بیردۆزی خانەیان داناوە؟؟
بە گەڕانێکی یەک دوو خولەکی بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت دا، بۆت دەردەکەوێت کە زانا تیۆدۆر شوان ساڵی ١٨١٠ و زانا ماتیاس شیلایدن ساڵی ١٨٠٤ لە دایک بوون. ئەم دوو زانایە لە ساڵانی نێوان ١٨٣٨ و ١٨٣٩، بیردۆزی خانەیان دۆزییەوە. واتە زانا شوان تەمەنی نزیکەی ٢٨ ساڵ و زانا شیلایدن تەمەنی نزیکەی ٣٤ ساڵ بووە کە ئەو داهێنانە گرنگەیان دۆزیوەتەوە. نەک وەک ئەوەی لە کتێبەکەدا ساڵی دۆزینەوەکەیان بە ١٨١٨ داناوە.
لێرەدا پێویستە سوپاسی مامۆستا دلێر نامیق بکەم کە لە کۆمێنتێکی بۆ نووسینێکی بەندە لەسەر نەبوونی متمانەی زانستی لە بابەتێکی پرۆگرامی خوێندندا، لەم هەڵە زەقە ئاگاداری کردمەوە. لێرەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە مامۆستای دڵسۆز و وریا و ئاگادار هەیە و دەکرێت بۆ دانانی کتێبەکانی خوێندن، سود لە شارەزایی و کارامەییان وەربگیرێت.