پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کشانەوەی یەکجاریی سەرجەم هێزەکانی لە ناوخۆ و سنوورەکانی تورکیا و لەناوبردنی ژمارەیەک تونێل و سەنگەری راگەیاند، لە هەمان کاتیشدا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە دەکات سەبارەت بە خاوەخاوی و دواخستنی هەنگاوەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی.
ئاوێنە: سەرکردایەتیی پەکەکە لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بە قۆناغەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی کردووە و رایگەیاندووە، پرۆسەکە لەدوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە وەڵامی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەدا رایگەیاندبوو: "هێزی ئەوەم هەیە دۆخی پێکدادانەکان بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی بگوازمەوە."
بەپێی راگەیەنراوەکە، بەمەبەستی پێشخستنی پرۆسەکە و لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان، پەکەکە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ سەرجەم چالاکییەکانی راگرت و دواتر لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا، کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا راگەیاند. هەروەها باس لەوەش کراوە کە لە مانگی تەممووزی رابردوودا، سەرکردایەتیی کەجەکە و ٣٠ ئەندامیان وەک هێمایەک بۆ دەستپێکردنی خەباتی سیاسی، چەکەکانیان سووتاندووە و گەریلاکانیش لە سنوورەکانی تورکیا کشاونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، پەکەکە تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئەمنی و دەڵێت، ماوەی دوو ساڵە لە تورکیا هیچ پێکدادانێکی چەکداری رووینەداوە و خوێنی هیچ گەنجێکی کورد یان تورک نەڕژاوە، کە ئەمەش گرنگی و بەهای پرۆسەی ئاشتی دەردەخات. لە بەرامبەردا رەخنە لە هەڵوێستی ئەنقەرە دەگرێت و رایدەگەیەنێت، راستە لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەری پرسی کورد پێکهێنرا و راپۆرتێکیشیان ئامادە کرد، بەڵام ئیرادەی سیاسیی دەسەڵاتداران هیچ هەنگاوێکی کرداری و پێویستی بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە نەناوە.
پەکەکە نیگەرانیی خۆی لە پرۆسەی یاسایی و سیاسیی تورکیاش دەربڕیوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە یاسای چوارچێوە بەو شێوەیە دەرنەچوو کە ئۆجەلان داوای دەکرد و بەو هۆیەوە سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە پەراوێز خراوە، هاوکات گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش هێشتا بەردەوامە.
سەرەڕای ئەو رەخنانە، پەکەکە ئاشکرای کردووە کە بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک بەدەست پارتی دەسەڵاتداری تورکیاوە نەمێنێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەو هێزانەیان بەتەواوی کشاندووەتەوە کە ئەگەری دروستکردنی مەترسیی پێکدادانیان لە ناوخۆی تورکیا هەبووە. بۆ سەلماندنی ئەمەش، چوار تونێلی شەڕ و چەندین سەنگەری خۆیان لە چیای "مەتینا" لە رۆژئاوای زاپ تێکداوە. بەمەش پەکەکە پێیوایە، لەمەودوا دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت پاساو بە بوونی هیچ هەڕەشەیەکی چەکداری بهێنێتەوە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا، پەکەکە هۆشدارییەکی روونی داوەتە حکومەتی تورکیا و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر ئەنقەرە بەڕاستی دەیەوێت کێشەیەکی ١٠٠ ساڵە چارەسەر بکات، پێویستە بەبێ دواکەوتن هەنگاوی بۆ بنێت. بەڵام ئەگەر ئامانجی پارتی دەسەڵاتدار تەنیا درێژکردنەوەی پرۆسەکە بێت بەمەبەستی لاوازکردنی بزووتنەوەی کورد، ئەوا بێگومان دەبێتە گەورەترین هەڵەی مێژوویی تورکیا.