ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، لەگفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردوەو چاوەڕوانن لەداهاتویەکی نزیکدا لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەو قسانەی ئاوات شێخ جەناب، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆبونەوەیەكیدا هاتون لەگەڵ نوێنەرانی بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی دامەزراوەی پەرەپێدان کە لە وەزارەتی تەندروستی دەوام دەکەن و موچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە كۆبونەوەكەدا "وەزیری دارایی گوێبیستی داواکارییەکانیان بو، وەک هەمیشە پشتیوانی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دوپات کردەوە"و ڕایگەیاند، "لەگفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق داوای زیادکردنی میلاک و تەرخانی داراییان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کردوەو چاوەڕوانن لەداهاتویەکی نزیکدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەو بابەتانە بگەن بە چارەسەرێکی گونجاو."
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەبارەت بە گۆڕینی ناونیشانی ئەو فەرمانبەرانە لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، "وەک وەزارەتی دارایی ڕەزامەندین لەسەر گۆڕینی ناونیشانەکانیان لە گرێبەستی پەرەپێدانەوە بۆ گرێبەستی ئاسایی لەسەر وەزارەتی دارایی."