مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە شاری سلێمانی ڕایدەگەیەنن: ئەمرۆ یەك شەممە، لە خاڵی بەیەكگەیشتنی داهاتە بەتاڵانبراوەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە لە كاتژمێر: (١٠)ی سەرلەبەیانی خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.
ئاوێنە: مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی پەیامێكی ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەران كردو ڕایگەیاند: دەتانەوێت خەباتی مەدەنیی، ببرێتە قۆناغێكی نوێ و كاریگەرەوە؟ دەتانەوێت بە كرداریی و هەڵوێستی ڕاستەقینەوە، دژ بە تاڵانكاریی و برسیكردن و شكۆشكاندن بووەستینەوە؟ دەتانەوێت لە گۆڕەپانەوە ئەجێندا و پیلانەكانی دەسەڵات شكست پێبێنین، ئەو كاتانەی دەیانەوێت ملكەچ و سەركوتمان بكەن، ئێمە خۆڕاگرانەتر و پێداگیرانەتر لە بەرامبەریان بووەستینەوە؟ كەواتە بەشداربە لە خۆپیشاندانە بێوێنە و جەماوەرییەكەی ئەمرۆ یەكشەممە ٢٣/ ٢/ ٢٠٢٥.
ئەوەشی خستەڕوو: خۆپیشاندانەكە لە عەربەت بەرامبەر چێشتخانەی كۆڵوانە لە خاڵی بەیەكگەیشتنی داهاتە بەتاڵانبراوەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە لە كاتژمێر: (١٠)ی سەرلەبەیانی بەڕێوەدەچێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: بەنامەی فەرمیی UN و دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەم خۆپیشاندانە مەزنە ئاگاداركراونەتەوە، پاراستنی گیان و شكۆی خۆپیشاندەران، خراوەتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە.