ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت، "کارتی بایۆمەترییەکانتان وەربگرنەوە".
ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە 22ی شوباتی 2025، ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، "ئاگاداری سەرجەم کارمەندانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و کارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن دەکەینەوە، لە ئێستادا کارتی بایۆمەترییەکانیان ئامادەیە و دەتوانن وەریبگرنەوە".
ئاماژەیان بەوەشداوە، "شوێنی وەرگرتنەوەی کارتە بایۆمەترییەکان لە یەکەکانی تۆمارکردنی کۆمسیۆن دەبێت کە لەپێشووتردا کارمەندەکان سەردانیان کردوون و بێجگە لە رۆژانی هەینیی و شەممە و پشووە فەرمییەکان لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە تاوەکو 11ـی پێشنیوەڕۆ دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن".
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، "کارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن پێویستە لەکاتی وەرگرتنی پاداشتە داراییەکانییاندا کارتی دەنگدانیان پێبێت و بەمزوانە رادەگەیەندرێت".