ترەمپ: سەرۆكی ئۆكرانیاش وەك پوتین خوازیاری ئاشتییە
  2025-02-12       174       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی كردوەو سەرۆكی ئەو وڵاتەش هاوشێوەی سەرۆكی روسیا خوازیاری ئاشتییە.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس" وتویەتی، پێش كەمێك لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا قسەم كرد، گفتوگۆیەكی زۆر باشمان كردو ئەویش وەك سەرۆك پوتین، ئاشتی دەوێت.

وتوشیەتی، لەگەڵ زێلێنكسی چەند بابەتێكی پەیوەست بە جەنگمان تاوتوێ كرد بەتایبەت باسمان لەو كۆبونەوەیە كرد كە ئامادەكاری بۆدەكرێت رۆژی هەینی لە میونشن لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت و هەریەكە لە جێگری سەرۆكی ئەمریكاو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنجامی دەدەن و هیوادارم ئەنجامەكانی ئەرێنی بن.

هاوكات سەرۆكی ئۆكرانیا لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ ترەمپ وتی، گفتوگۆیەكی واتاداریان لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوەو باسیان لەرێگەكانی كۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆكرانیا كردوە.

بەرلەوە ترەمپ لەگەڵ پوتین لەبارەی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان كرد.

لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە كۆشكی كرملین رایگەیاند، پوتین جەختی لەوە كردۆتەوە كە دانوستان بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا ئەگەری هەیە.

وتەبێژی كۆشكی كرملین وتوشیەتی، پوتین و ترەمپ هاوڕابون كە لەڕێگەی دانوستانەكانی ئاشتییەوە بگەنە رێگەچارەیەكی درێژخایەن.

وتەبێژی كۆشكی كرملین وتوشیەتی، پوتین جەختی لەوە كردۆتەوە كە لە هەر جۆرە چاسەرێكدا بۆ جەنگی ئۆكرانیا دەبێت تاوتوێی هۆكارە سەرەكییەكانی جەنگەكە بكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×