دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، تاوتوێی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیایان كردوەو دەشڵێت، رێككەوتین لەسەر ئەوەی دەستبەجێ دەست بە گفتوگۆ بكەین و لەبارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەش سەرۆكی ئۆكرانیا ئاگادار دەكەمەوە.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، كەمێك لەمەوبەر لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس"، رایگەیاند، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دورودرێژ و زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ ڤیلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا ئەنجامدا.
وتوشیەتی، گفتوگۆمان لەبارەی ئۆكرانیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، ژیری دەستكرد، هێزی دۆلار و چەند بابەتێكی دیكەی جیاواز كرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ پوتین رێككەوتین لەسەر ئەوەی كە دەمانەوێت گیانلەدەستدانی ملیۆنان كەس كە لە جەنگی ئۆكرانیا رودەدات، رابگرین.
وتوشیەتی، رێككەوتن لەسەر پێكەوەكاركردن و لەسەر ئەوەش كە هەریەكەمان سەردانی وڵاتەكەی دیكە بكات.
سەرۆكی ئەمریكا وتوشیەتی، هەروەك رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە تیمە تایبەتەكانمان دەستبەجێ دەست بە دانوستان و گفتوگۆ بكەن.
ئەوەشی خسۆتەڕو، پەیوەندی بە سەرۆكی ئۆكرانیاوە دەكەم بۆ ئەوەی لەبارەی گفتوگۆكەم لەگەڵ پوتین ئاگاداری بكەمەوە.
ترەمپ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، داوام لە وەزیری دەرەوە، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردوە كە سەركردایەتی دانوستانەكان بكەن و هەستێكی قوڵم هەیە كە سەركەوتو دەبن.
سەرۆكی ئەمریكا دوپاتیكردۆتەوە، ملیۆنان كەس لە جەنگێكدا كوژران كە ئەگەر من سەرۆك بومایە روی نەدەدات، بەڵام رویدا، بۆیە دەبێت ئەو جەنگە رابگیرێت و نابێت خوێنی زیاتر بڕێژرێت.
ترەمپ سوپاسی پوتینی كردوە بۆ هەوڵەكانی و هەروەها سوپاسیشی كردوە بۆ ئازادكردنی مارك فوجێل ئەو ئەمریكییەی كە دوێنێ لەلایەن روسیاوە ئازادكرا.
لەكۆتاییشدا وتوشیەتی، پێموایە ئەم هەوڵانە كۆتاییەكی سەركەوتویان دەبێت و هیوادارم بەمزوانە ئەوە روبدات.