وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، كارەبای هەشت گەڕەكی دیكەی شاری هەولێر دەكرێتە 24 كاتژمێری و لە چەند هەفتەی داهاتودا كارەبای چەند گەڕەكێكیش لە سلێمانی و دهۆك دەكرێتە 24 كاتژمێری.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگای پڕۆژەی ڕوناکییەوە کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین دەکات.
بەپێی راگەیەندراوەكە، هەشت گەڕەكەكە بریتین لە گەڕەكانی: (کوڕان، ڕزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی) كە زیاتر لە 28 هەزار هاوبەشی کارەبایان لەخۆگرتو."
وەزارەتەكە وتوشیەتی، پێشتر لە شاری هەولێر گەڕەکەکانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری و سەربەستی) بە 22 هەزار هاوبەشەوە کرابونە 24 کاتژمێری و بەم شێوەیە بەکۆی گشتی 50 هەزار هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سودمەند دەبن.
وەزارەتی كارەبا وتوشیەتی، هاوتەریب لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکانی پڕۆژەكە لە هەردو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیپێکردوەو لەچەند هەفتەی داهاتودا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگایانەش دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری.