ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بڕیاری پەسەندكردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی داوە كە لەپێناو زامنكردنی موچەی هەر 12 مانگەكەی ئەمساڵدا خرانەڕو و دەشڵێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیان راسپاردوە لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ بەغداو كۆمپانیا نەوتییەكان تا لە زوترین كاتدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، لە كۆبونەوەكەا چەند پێشنیارێك خرانەڕو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم.
ئەوەش خراوەتەڕو، ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا کە لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕو، لە پێناو زامنکردنی موچەی هەر 12 مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبونی بە میلاکی سەرجەم موچەخۆرانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم .
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ کرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساکە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و پابەندیی خۆی خۆی بە هەمواری یاساکە دوپاتكردەوەو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زوترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێبکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی.
هێما بۆ ئەوەش كراوە، لە بڕگەی کۆتایی کۆبونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانونی دوەمی ساڵی 2025 بۆسەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتو.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی و تیمەکەی کرد بۆ هەوڵ و کۆشش و ماندوبونیان بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی گشتگیری هاوسەنگ سەبارەت بە موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2025، بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە نیگەرانیی و نەهامەتی موچەخۆران، کە بە هۆی دواکەوتنی موچەکانیان لە ماوەی ڕابردودا، زەحمەتی زۆریان بینی و سەرۆک وەزیران سوپاسی پشودرێژیی موچەخۆرانی کرد و دڵنیاییدا کە حکومەتی هەرێم، درێخی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی موچەخۆران و بەردەوامبونی ڕێكکەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە.
سەرۆک وەزیران هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیشی کرد، بۆ ڕۆلیان لە گەیشتنن بەم ڕێککەوتنە لە بارەی بودجە و هەروەها هەموارکردنی یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم تایبەت بە موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم خستەڕو، هەر لەمبارەیەوە و لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیارێک خرانەڕو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا کە لە کۆبونەوەکە خرانەڕو، لە پێناو زامنکردنی موچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبونی بە میلاکی سەرجەم موچەخۆرانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم .
دواتر هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی خستەڕو، کە بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ، کەوتوەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاری باشی کردوە و کاریگەری بەرچاوی هەبوە.
لە بڕگەی دوەمدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ کرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساکە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، كە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕو، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دوپاتکردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زوترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێ بکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانونی دوەمی ساڵی 2025 بۆسەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتو.