میترۆ: دەستبەجێ رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی ئازادبكرێت
  2025-02-05       192       

سەنتەری میترۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی دوای ئەوەی سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچناری كردوە لە سلێمانی، بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە. میترۆ داوا دەكات دەستبەجێ ئەو رۆژنامەنوسە ئازاد بكرێت.

ئاوێنە: سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا وتی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاداركراین كە رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی داواكراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە پاشان دادوەرەری لێكۆڵینەوە بڕیاریداوە بە مانەوەی لە گرتوخانە تاوەكو 9ی شوباتی 2025.

بەپێی راگەیەندراوەكەی میترۆ، هەردو رۆژنامەنوس سەردەشت حەمە ساڵح و دانا ساڵح، چون بۆ سۆراخی هاوڕێكەیان لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی كە دەكەوێتە ناو بارەگای فەرماندەیی رێگەیان پێنەداون بیبینن.

سەردەشت بە میترۆی وتوە"پاش بنكەی پۆلیسی سەرچنار براوە بۆ دادگای كەتنی یەك دادوەر بڕیاری مانەوەی داوە تا 9ی شوبات" جەختیكردەوە"پێی وتراوە نەهاتوی بەدەم داوا یاساییەكەتەوە كە لە دژی جوڵێنراوە، لە كاتێكدا كە ئاگادار نەكراوەتەوە."

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەداوە لە یاسای كاری رۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007دا لە هیچ بڕگەیەكیدا باسی دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسانی نەكردوە، بە هۆی كارەكەیەوە.

ئەوەشی وتوە، بە پێی شارەزایانی یاسای بڕیاری مانەوەی تۆمەتبار، لە كاتێكدا دەدرێت كە مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، یان گرەنتی بەردەستبوونی بۆ بەردەم دادگا لاواز بێت، كە ئەمە بەسەر رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی جێبەجێنابێت.

سەنتەری میترۆ داوای كردوە، دەستبەجێ بە كەفالەتی شوێنی كاركردنی ئازاد بكرێت و رەچاوی ئەوە بكرێت كە كەیسەكانی رۆژنامەنوسی (نوسین و بیروڕا) بە پێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای رۆژنامەگەری ناگرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×