ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ كاروانێكی هێزەكانی ئەمریكا كە لە 17 بارهەڵگر پێكهاتبو لە هەرێمی كوردستانەوە گەیشتنە ڕۆژاڤای كوردستان، دەشڵێت، "ئێوارەی دوێنێ كاروانێكی 50 بارهەڵگری و فڕۆکەیەکی بارهەڵگر، کە پڕ بو لە چەکی پێشکەوتو، سیستەمی ڕادار و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی گەیشتونەتە حەسەكە".
ئاوێنە: ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 17 بارهەڵگری داخراو و تەنکەری سوتەمەنی و سندوقی داخراو کە کەرەستەی سەربازی و لۆجستییان پێبو، لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بنکەکانی هاوپەیمانان لە پارێزگای حەسەکە بەڕێکەوتن كە لە دەروازەی ئەلوەلیدەوە تێپەڕیون".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوە سێیەم کاروانی وشکانییە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری ڕابردودا و دوێنێ هێزەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" هێزی سەربازیی گەورەی ناردوە بۆ بنکەی خەراب جیر لە ڕمێلانی باکوری حەسەکە لە ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
دەشڵێت، "ئێوارەی دوێنێ فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لە هەمان بنكە نیشتوەتەوە، کە پڕ بوە لە چەکی پێشکەوتو و سیستەمی ڕادار و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی ڕوانگەی سوری، "ئەو جموجوڵانە هاوکات بو لەگەڵ جوڵەكانی هێزی ئاسمانی، هەروەها کاروانێکی 50 بارهەڵگری هاتونەتە ناو بنکەکەوە، کە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تۆپی قورس و تەقەمەنی جۆراوجۆریان پێبو، جگە لە سندوقی داخراو و کەرەستەی سەربازی کە بە قوماشی ڕەش داپۆشرابو كە دو هێلیکۆپتەر چاودێری بنكە و كاروانەكەیان دەكرت".
ئەوەشی خستەڕو، "15 بارهەڵگر بە تانکی سوتەمەنی و سندوقی داخراو چونە ناو بنکەی قەسر لە لادێكانی حەسەكە، ئەوەش لە چوارچێوەی پەرەسەندنی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا".