سودانی سەردانی شاسوار عەبدولواحید دەكات و تاوتوێی موچەی هەرێم دەكەن
  2025-01-23       524       

جوڵانەوەی نەوەی رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا سەردانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەكەیانی كردوەو جەختی كردۆتەوە كە ئەمساڵ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێرن و هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەكەیانی كردوە لە بەغداو تاوتوێی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانیان كردوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، سودانی باسی لەوەکرد، کە ئەمساڵ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت و مەترسی لەسەر نییە، هەروەها باسی هەمو ئەو رێگری و کۆسپانە کرا کە لەبەردەم ناردنی موچەدا هەن و مانگانە دەبنە هۆی دواکەوتنی موچەی موچەخۆران.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، شاسوار عەبدولواحید بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی راگەیاند کە "موچەخۆرانی هەرێم گیرۆدەی دەستی کاربەدەستانی هەرێم و دو حیزبی دەسەڵاتدارن، بۆیە حەق وایە موچەخۆر و هاوڵاتییانی هەرێم جیابکرێنەوە لە دو حیزبی دەسەڵاتدار و رێگە نەدرێت کە موچەخۆران و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی رەفتاری هەڵەی هیچ کەس و لایەنێک."

لەلایەكی دیكەوە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی چەند دۆسیەیەك لەسەر ئاستی نیشتمانی كراوەو سەرۆك وەزیران جەختی كردۆتەوە لەسەر پشتیوانیكردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×