بافڵ تاڵەبانی: لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار
  2025-01-16       380       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار لە هەرێم. دەشڵێت، یەكگرتویی كورد لە سوریا بەشێكی گرنگی هەوڵەكانمان بوەو لەوەشدا سەركەوتوبوین و لە داهاتودا ئەنجامەكەی رون دەبێتەوە. لەبارەی كەرتی وزەی هەرێمیش دەڵێت، دەمانەوێت لەداهاتودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوەببەین.

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی لە ڤيكتۆريا تايلۆر، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیک و وەفدێکی ياوه‌رى كردو لە كۆبونەوەی نێوانیاندا دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.

لەبارەی دۆخی هەرێم بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵكەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە هەوڵەكانمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەردەوامین و دەمانەوێت یەكسانی و هاوبەشیی راستەقینە بنەماكەی بێت، دەمانەوێت هەمومان بەرپرسیارانە و دور لە هەمو ناكۆكییەك خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین و هەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی موچە و ناردنی شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندوە، داوای پابەندبون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەین و دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، ناكرێت بەردەوامیی بەم دۆخە بدرێت و ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێكان بكرێت، ئەم پەیامەشمان بەهەمولایەك گەیاندوە.

دۆخی سوریا و رۆژئاوای كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوە و لەوبارەیەوە  سەرۆكی یەكێتی وتویەتی"هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی مافی هەمو نەتەوە و پێكهاتەكانی سوریا بوە و جەختمان لە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ كردوەتەوە بەتایبەت لەگەڵ كورد كە قوربانییەكی زۆریان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری داوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو"یەكگرتویی و یەكگوتاریی كورد لە سوریا بەشێكی گرنگی هەوڵەكانمان بوە و هەوڵمانداوە هەموان بە ستراتیژێكی هاوبەشەوە هەنگاوبنێن، بەخۆشحاڵییەوە سەركەوتوبوین و لەداهاتودا ئەنجامەكەی روندەبێتەوە."

لە بەشێكیتری دیدارەكەدا پرسی وزە گفتوگۆی وردی لەبارەوەكراوە و لەو روەشەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردوە، "ئەو سیاسەتەی لە رابردودا سەبارەت بەم پرسە پەیڕەوكراوە سەركەوتو نەبوە، بۆیە دەمانەوێت لەداهاتودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوەببەین و ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاوەدانیی وڵاتەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش و هەموان پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×