ئەمڕۆ یەكشەممە، كاسبكارانی بازاڕی گەورەی تاران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان نیشاندا بەرامبەر بە دابەزینی بەرچاوی نرخی تمەن و گرانی و نەبونی بازاڕ.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، بەشێكی زۆر لە كاسبكارانی بازاڕی گەورەی تاران، ئەمڕۆ یەكشەممە، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە لەبەرامبەر گرانی و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن و وەك ناڕەزایەتیش بەشێكی زۆریان دوكانەكانیان داخستوە.
ئەوەش یەكەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەبەرامبەر گرانی و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەن لەم مانگانەی دواییدا لە ئێران.
لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆیاندا بەشێك لە كاسبكارانی بازاڕی گەورەی تاران ئاماژەیان بەوە دا كە ناڕەزایەتییەكانیان لەدژی گرانی هەندێك لە ماددە سەرەتاییەكانە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و كە ئەوەش بۆتە هۆی سستبونی بازاڕ.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەو كاتەوەی حكومەتەكەی مەسعود پزیشكیان هاتۆتە سەر كار، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن لەسەدا 35 بەرزبۆتەوەو نرخی یەك دۆلار گەیشتۆتە نزیكەی 80 هەزار تمەن.