دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەسەردانێك گەیشتە دیمەشق، لە یەكەم پەیامیدا وتی، هیوا بۆ سوریایەكی خاوەن سەروەری و سەقامگیر و ئارام هەیە كە هیوایەكی راستەقینەیە بەڵام لە هەمان كاتدا هیوایەكی لاوازە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە دیمەشق بە رۆژنامەنوسانی وتوە، نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، هیوایەكی نوێ لە سوریا سەری هەڵدا.
وتیشی، هیوا بۆ سوریایەكی خاوەن سەروەری، سەقامگیرو ئارام، كە هیوایەكی راستەقینەیە بەڵام لاوازە.
سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، یەكەم سەردانی بەرپرسێكی باڵای فەرەنسایە بۆ دیمەشق لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە.
هاوكات لەگەڵ گەیشتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ دیمەشق، هەر ئەمڕۆ ئەنالینا بێربوك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش گەیشتە ئەوێ و بڕیارە هەردو وەزیرە ئەوروپییەكە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا كۆببنەوە.
بارۆ و بێربوك، یەكەم دو وەزیری دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپان لەپاش كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد سەردانی سوریا دەكەن.