پارێزگاری دیمەشق: دژایەتی ئیسرائیل ناكەین
  2024-12-27       236       

ماهر مەروان، پارێزگاری دیمەشق لەدوای روخانی رژێمەكەی ئەسەد دەڵێت، ئیدارەی نوێی سوریا دژایەتی ئیسرائیل ناكات و هەوڵی ئەوەش نادات هەڕەشە بێت لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە.

ئاوێنە: ماهر مەروان، لە لێدوانێكدا بۆ میدیایەكی ئەمریكی راشیگەیاندوە، رەنگە ئیسرائیل لەدوای گۆڕینی رژێم لە دیمەشق هەستی بە نیگەرانی كردبێت بەهۆی هەندێك لە گروپە چەكدارەكانەوەو ئەو نیگەرانیانەش "ئاسایین."

پارێزگاری دیمەشق وتوشیەتی، سوریا هیچ ترسێك بەرامبەر بە ئیسرائیل نییەو "كێشەكە لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە دیمەشق "هەوڵی ئەوە نادات دەستوەردان لە هیچ كارێك بدات كە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل یان ئاسایشی هەر وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە." وتوشیەتی"ئەم هەڵوێستە، لەگەڵ سیاسەتی حكومەتی نوێی سوریا دێتەوە."

ماهر مەروان لە لێدوانەكەیدا باسی لە شەڕی غەززە نەكردوە لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەداوە كە ئەولەویەتی حكومەتی سوریا سەرنج خستنەسەر بەهێزكردنی ئاشتی و ئارامییە لە ناوچەكە و وتوشیەتی، گەلی سوریا هەوڵ بۆ ئاشتی دەدات و خوازیاری شەڕ نییە.

لێدوانەكانی پارێزگاری دیمەشق تاڕادەیەك هاوشێوەی قسەكانی ئەم دواییەی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریان لەبارەی ئیسرائیلەوە كە وتبوی، هیچ شەڕێكمان ناوێت تەنانەت لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ لایەنێكی دیكەش.

ئەحمەد شەرع لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، وتبوشی، دەبێت ئیسرائیل كۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر سوریا بهێنێت و لەو ناوچانەش بكشێتەوە كە بەم دواییانە داگیری كردون.

بەپێی قسەی ئەحمەد شەرع، پاساوی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر سوریا، "بونی حزبوڵا و میلیشیا ئێرانییەكان بوە، كە لە ئێستادا ئەو پاساوە نەماوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×