ئیسرائیل: سەرکردەکانی حوسییەكانی یەمەن دەکەینە ئامانج
  2024-12-25       190       

هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی حوسیییەكانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە و وەزیری بەرگری تەلئەبیبیش ڕاگەیاند، وڵاتەكەی دەستدەکات بە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حوسییەکان و ڕێگە بە بەردەوامبونی ئەو هێرشانە نادەن، دەشڵێت، "چۆن سەركردەكانی حەماس و حزبوڵامان لە تاران و بەیروت و غەززە كوشت، بەهەمانشێوە سەركردەكانی حوسیەكانیش بە ئامانج دەگرین". 

ئاوێنه‌: ئیسرائیل كارتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی "هێتز" کە بۆ خستنەخوارەوەی موشەکێکی حوسییەکان بەکارهاتوە وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دەستدەکات بە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حوسییەکانی یەمەن، هەروەها ئیسرائیل رێگە بە بەردەوامبونی هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان نادات بۆ ناو خاكی وڵاتەكەی.

وەزیری بەرگری بە ئاماژەدان بە سەرکردەکانی حەماسی كەرتی غەززە و حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، وتی، "هەروەک چۆن ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ یەحیا سنوار لە غەززە و ئیسماعیل هەنیە لە تاران و حەسەن نەسروڵا لە بەیروت کرد، بەهەمانشێوە مامەڵە لەگەڵ سەركردەكانی حوسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن یان هەر شوێنێكی دیكە دەكەین".

دەشڵێت، "ئێمە دژی ئەوان و ژێرخانەكەیان کاردەکەین بۆ لابردنی ئەو مەترسییە و هەر كەسێكیش (ئێران) پشتوانی لە حوسییەكان لەشارەكانی حودەیدە یان سەنعا بكات، باجەكەی بە تەواوی دەدات".

لایخۆیەوە سوپای ئیسرائیلیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا لە پەڕەی "X" بڵاویكردەوە، ڕێگریان لە موشەکێک کردوە کە لە یەمەنەوە ئاراستەی ناو ئیسرائیل كراوە و بەهۆی ئەگەری کەوتنەخوارەوەی تەقەمەنی لە کاتی ڕێگریکردنەکەدا، ئاگادارکەرەوەی هۆشداری چالاک کراوە.

سوپا باسی لەوەشكردوە، "ئەوە بۆ پێنجەمین جارە لە ماوەی هەفتەیەکدا، ملیۆنان ئیسرائیلی پەنایان بۆ پەناگەكان بردوە، لەكاتی هێرشی حوسییەكانی یەمەن بۆ سەر وڵاتەكەمان".

ماگن دەیڤید ئادۆم، خزمەتگوزاری فریاكەوتن لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، لەکاتی ڕۆشتنیان بۆ ناوچە پارێزراوەکە، هەواڵی برینداربونی نزیکەی نۆ کەسیان پێگەیشتوە.

ئەوە لەكاتێكدایە هێرشی حوسیەكان لە ڕێگەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە و بڕیاری بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حوسییەکانیش بەرەیەكی نوێ بۆ ململانێكانی تەلئەبیب دەكاتەوە، کە تا ئێستا لە ژمارەیەك هێرشی ئاسمانیدا ژێرخانی بەندەرەکان و شوێنە سەربازییەکانی کردوەتە ئامانج.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×