2024-12-25   238     
سینان بورهان ڕۆژنامەنوسی دیاری تورکیا لەمیانی بەرنامەیەکی گفتوگۆکاریی لەکەناڵی TV100 ئاشکرایکرد، تورکیا بەنیازە بنکەیەکی سەربازیی لەدیمەشقی پایتەختی سوریا دابمەزرێنێت.
ئاوێنە: بورهان لەبەشێکی قسەکانیدا وتویەتی:"زانیاریی هەیە ئەنکەرە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراو لەبەرامبەر سوریادا دەنێت، دیارترینیان واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق، هەروەک ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی ڕێککەوتنی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ لیبیا، جگە لەدامەزراندنی بنکەیەکی گهورهى سەربازیی لەدیمەشقو بنکەیەکی دەریایی لەتەرتوس".
هەروەک دەڵێت:"ئەو هێزانەی تورکیا کە لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگیرکراون، پێشتر ئامادەنەبون لەبەرامبەر پرۆسەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرەو ڕژێمی ئەسەد، لەو وڵاتە بکشێنەوە".
لەچوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم هەفتەیەدا سەردانی دیمەشقی پایتەختی سوریای کردو لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا کۆبوەوەو ڕایگەیاند، "ئێمە لەتورکیا شانازی دەکەین کە لەسەر لایەنی ڕاستی مێژوو وەستاون، ڕۆژانی باشتر چاوەڕێمان دەکەن".
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم کاڵن بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا سەردانی دیمەشقی کردوەو پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی نوێی ئەو وڵاتە کردوە.