2024-12-24   261     
هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداریداوە لەوەی ئێران پێش دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەمانگی یەکی ساڵی 2025، هێرشێکی گەورە بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامبدات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشێکی ئیسرائیلی لەئۆکتۆبەری 2024 بۆسەر چەندین پێگەی هەستیار لەناو ئێراندا.
ئاوێنە: پێگەی "دیفێنس نیوز"ی تایبەتمەند بەهەواڵە سەربازییەکان بڵاویکردوهتەوە، ئەم هۆشدارییانە لەگەرمەی ئەو گرژییو ئاڵۆزیانەدا دێن کە دوای ئاگربەستی لوبنانو ئیسرائیلو هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆسەر پێگەکانی ئێران لەڕێگای بەکارهێنانی فڕۆکەی پێشکەوتوو لەکاردانەوەی بەهەڵدانی 180 موشەکی ئێران بەرەو تەلئەبیبو قودسدا، دروستبون.
ئەوەش هاتوە، هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە ئەگەری هەیە ئێران لەڕێگەی میلیشیا لایەنگرەکانییەوە لەعێراق هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل ئەوەش بەئامانجی ئەوەی ئەو وڵاتە توشی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆ نەبێتەوە.
پێگەکە باسی لەوەکردوە، لەکاتێکدا واشنتۆن پێیوایە ئێران ڕەنگە بەخێرایی دەست بەجوڵە بکات، بەڵام ناڕونیی لەسەر بڕیاری کۆتایی بۆ هێرشکردنەکە هەیە.
جگەلەوەی سەرچاوە ئێرانییەکان نیازی ئەو وڵاتەیان پشتڕاستکردوهتەوە کە بەر لەکۆتاییهاتنی خولی ئێستای سەرۆکایەتیی ئەمریکا، وەڵامێکی "یەکلاکەرەوەو ئازاربەخش" بدەنەوە ئیسرائیل.