فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، "لە بۆردوومانێکی هێزە ئاسمانییەکانمان لە پارێزگای دێرەزۆر لە سووریا کاروانێکی رێکخراوی داعشیان بەئامانجگرت و دوو ئەندامی ئەو رێکخراوە کوژران."
ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی سەر بە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانییان لە پارێزگای دێرەزۆر لە سووریا ئەنجامدا و دوو ئەندامی رێکخراوی داعش لەو ئۆپراسیۆنەدا کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئەندامانەی داعش سەرقاڵی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە چەک بوون، ئەو ناوچەیەی ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکەیان تێدا ئەنجامداوە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی رژێمی سووریا و هێزەکانی رووسیا بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم ئۆپراسیۆنە ئاسمانییە بەشێکە لە پابەندیی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا شانبەشانی هاوبەشەکانی لە ناوچەکە، بۆ شکستپێهێنانی ئەو هەوڵانەی تیرۆریستان دژی سەربازانی ئەمریکا، هاوڵاتییانی سڤیل و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە ئەنجامی دەدەن.