میدیاكانی توركیاو میدیا عەرەبییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد، دەیەوێت لە بەشار ئەسەد جیاببیتەوەو داوای رێگەپێدانیشیی كردوە بۆ چونە دەرەوە لە مۆسكۆ، بەڵام كۆشكی كرملین ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە.
ئاوێنە: میدیاكانی توركیاو میدیا عەرەبییەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە ئەسما ئەسەد داوای جیابونەوەی لە بەشار ئەسەد كردوەو لە دۆخی ژیانی لە مۆسكۆ ناڕازییەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ لەندەن و لەوێ چارەسەری پزیشكی وەربگرێت.
بەپێی ئەو میدیایانە، ئەسما ئەسەد داواكاریشی بۆ رێگەپێدانی بۆ چونە دەرەوە لە مۆسكۆ پێشكەش بە دەسەڵاتە یاساییەكانی روسیا كردوەو داواكەی لە ئێستادا لەلایەن دەسەڵاتدارانی روسیاوە دیراسە دەكرێت.
بەڵام ئەمڕۆ دوشەممە، كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا(كۆشكی كرملین) رەتیكردەوە كە ئەسما ئەسەد نیازی جیابونەوەی لە بەشار ئەسەدو جێهێشتنی روسیای هەبێت.
دیمیتری پیسكۆف، وتەبێژی كۆشكی كرملین هەروەها ئەو بانگەشانەشی رەتكردنەوە كە باس لەوە دەكەن، بەشار ئەسەد لە مۆسكۆ دەستبەسەرەو پارەكانی بلۆك كراون.
ئەسما ئەسەد خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانی و سورییە، لەدایكبوی لەندەنەو لەوێش گەورە بوە. ئەو لەساڵی 2000 هاتە سوریاو هەر ئەو ساڵەش لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوسەرگیری كرد.
بەپێی راپۆرتەكان ئەسما ئەسەد توشبوی شێرپەنجەی خوێنەو بەرلەوەش شێرپەنجەی مەمكی هەبو بەڵام لە ساڵی 2019دا رایگەیاندبو كە نەخۆشییەكەی بەتەواوەتی تێپەڕاندوە.
بەشار ئەسەد لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی دیمەشق لەلایەن چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە لە 7ی ئەم مانگەدا، بەرەو مۆسكۆ هەڵاتن، بەرلەوە هاوسەرەكەی و سێ منداڵی بەرەو ئەو وڵاتە هەڵاتبون. پاش ئەوە روسیا رایگەیاند، ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی وڵاتەكە مافی پەنابەری داونەتێ.
لەگەڵ ئەوەی مافی پەنابەری دراوە بە بەشار ئەسەد بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو لەژێر چاودێری و رێوشوێنی تونددایەو رێگەی نەدراوە لە مۆسكۆ بچێتە دەرەوە و بەرپرسانی روسیاش پارەو سامانەكانیان بلۆك كردوە.
راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە سامانی بەشار ئەسەد، خۆی دەبینێتەوە لە 270 كیلۆگرام زێڕ و دو ملیار دۆلارو 18 شوقە لە مۆسكۆ.
دەزگای كۆچی بەریتانیا باسی لەوە كردوە كە ئەسما ئەسەد، "پشتیوانی لە تاوانەكانی بەشار ئەسەدی هاوسەری كردوە."