دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەو هێرش بۆسەر حوسییەکانی یەمەن، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە کە دیڤید بارنيا. سەرۆکی دەزگای مۆساد، پێشنیاری دەستپێکردنی هێرشی بۆ سەر ئێرانی بۆ ناتانیاهۆ کردووە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو مووشەکانەی کە حوسییەکان لە یەمەنەوە ئاڕاستەی ئیسرائیلی دەکەن.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنۆت ڕایگەیاندووە، " سەرۆکی مۆساد داوای لە ناتانیاهۆو پلە باڵاکانی ئیسرائیل کردووە کە هێرش بکەنە سەر ئێران، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشی حوسییەکان.
ڕۆژنامەکە باسیلەوە کردووە کە سەرۆکی مۆساد پێیوایە دەبێت هێرش بکرێتە سەر " سەری" حوسییەکان کە ئێرانە، چونکە ئەوان هەموو هێزو چەک و مووشەکەکانیان لە ئێران وەردەگرن.
ڕاسپاردەی سەرۆکی مۆساد بۆ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، پاش ئەوە دێت کە دوێنێ یەکشەمە، ناتانیاهۆ هەڕەشەی لە حوسییەکان کرد کە " بە هێز و ئیرادە"وە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
ئەم هەڕشەیەی ناتانیاهۆش پاش ئەوە هات کە ڕۆژی شەممە، حوسییەکان مووشەکێکیان لە یەمەنەوە بۆ تەلئەبیب هەڵداو ١٦ کەسی بریندار کرد.