عەباس عەراقچی وەزاری دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا توركیەكەی ڕایگەیاند، هەردو وڵات لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کە سوریا "نابێت ببێتە ماڵی گروپە تیرۆریستییەکان"، لەبەرامبەردا هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، "سوریا پێویستی بە ڕێككەوتنە لەنێوان حكومەت و گروپە چەكدارەكان و ئەنقەرە ئامادەیە بەشداری لە هەر گفتوگۆیەکدا بکات ئەگەر پێویست بکات".
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاكان فیدان هاوتا توركیەكەی لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئێران و تورکیا لە ئەنقەرە "خێرا، ڕاستەوخۆ، دۆستانە و بنیاتنەر" بوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تاران و ئەنقەرە لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کە سوریا "نابێت ببێتە ماڵی گروپە تیرۆریستییەکان".
لایخۆیەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای دیدارەکەی لەگەڵ عەباس عێراقچی ڕایگەیاند، دوایین پێشهاتەکانی سوریا "پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن نیشان دەدات"، هەروەها ئەنقەرە ئامادەیە بەشداری لە هەر گفتوگۆیەکدا بکات ئەگەر پێویست بکات.
فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشەكەدا ڕایگەیاند، "تورکیا بەردەوامە بیروبۆچونەكانی و پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەكات".
تاران دیارترین هاوپەیمانی ناوچەیی دیمەشقە، لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە سوریا لە ساڵی 2011، پاڵپشتییەکی بەرفراوانی پێشکەش کرد، بەتایبەتی بە ناردنی "ڕاوێژکاری سەربازی" بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی حکومەت لە ڕوبەڕوبونەوەی کوتلە چەکدارەکان.