عومەر گوڵپی: بەپێی داهاتەکان حکومەتی هه‌رێم دەتوانێت مووچە دابەشبکات
  2024-12-02       137       

عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری هەرێم ڕایگەیاند، تاکو داهاتی ناوخۆ ئاشکرا نەکرێت و مووچەی مانگی ١١ و ١٢ بەسەر مووچەخۆران و فەرمانبەران دابەشنەکرێت بەشداری کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت ناکەین، دەشڵێت: بەپێی داهاتەکان حکومەت دەتوانێت مووچە دابەشبکات.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ، لە بەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، عومەر گوڵپی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دواخستنی مووچە و داهاتی ناوخۆ و نەوتی ١١ مانگی ڕابردوو کۆنگریەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجام دا و وتی: حکومەتی ماوەبەسەر چووی هەرێمی کوردستان ستەم لە هاوڵاتییان دەکات و وەک قەڵغانی مرۆیی بەرامبەر بەغدا بەکاریان دەهێنێت، بەپێی ژمارە و داتای خۆیان وەزارەتی دارایی لە ماوەی مانگێکدا ٣٥٠ ملیار دینار داهاتییەتی بەمەش بۆ ١١ مانگی ڕابردوو دەکاتە سێ ترلیۆن و ٨٥٠ ملیار دینار، هەروەها خۆیان دەڵێن مانگانە ١٢٠ ملیار دینار خەرجییەتی وەزارەتەکان و خزمەتگوزارییەکان دەچێت، ئەو بڕەش بۆ ١١ مانگ دەکاتە یەک ترلیۆن و ٣٢٠ ملیار دینار، واتە هەرێمی کوردستان لە یانزە مانگی ڕابردوودا دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار زیاترە لە خەرجی وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی.

وتیشی: ڕۆژانە بڕی٣٢٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفڕۆشرێت بە پاڵاوگە و بە ڕێگەی تەنکەر، کە مانگانە دەکاتە نۆ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل واتە لە ١١ مانگی ڕابردوودا واتە هەرێم ١٠٥ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەمەش داهاتی نەوت لە ١١ مانگی ڕابردوودا دەکاتە سێ ملیار و ١٦٨ ملیۆن دۆلارە.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت و ناوخۆ لە یانزە مانگی ڕابردوو دا خاوەنی چوار ترلیۆن ٢٠٦ ملیار دینارە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چوار ترلیۆن زۆر بەئاسانی دەتوانێت مووچەی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢ـی لێ دابین بکرێت.

هەر لە کۆنگرەکەدا عومەر گوڵپی سەبارەت بە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن وتی: ئەو لایەنانەی وەک نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەریی، یەگرتووی ئیسلامی، هەڵوێست و بەرەی گەڵ کە پێیان وایە ساختەکاریی کراوە داوایان لێدەکەم بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی هەرێم نەکەن یان بەلایەنی کەمەوە پڕۆسەی سوێندخواردنەکەیان دوابخەن بۆ هەفتەی داهاتوو.

لە کۆتاییشدا وتی: میللەت پێویستی بە حکومەتێک نییە کە لە مانگی کانوونی یەکەمدا بێت و مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی وەرنەگرتبێت، تا مووچەی مانگی ١١ و ١٢ دابەشنەکرێت و داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم ئاشکرا نەکرێت ئێمە بەشداریی ئەو کۆبوونەوانە ناکەین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×