نەتەنیاهۆ: جەنگ هێشتا كۆتایی نەهاتوە
  2024-10-17       207       

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، یەحیا سینوار، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە كاتی هەڵاتندا كوژراوەو دەشڵێت، جەنگ هێشتا كۆتایی نەهاتوەو ئێسرائیل تاوەكو ئازادكردنی بارمتەكان درێژە بە جەنگ دەدات.

ئاوێنە: بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا بۆ هاوڵاتیانی ئیسرائیل وتی، ئەمڕۆ لەبەردەم ئێوەدا وەستاوم تا كوژرانی یەحیا سینوار رابگەیەنم.

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، یەحیا سینوار-ی بە بەرپرسی "خراپترین كوشتاری مێژوی خەڵكی جولەكە لەدوای هۆڵۆكۆست" ناوبرد.

هەروەها نەتەنیاهۆ لە پەیامەكەیدا بۆ خەڵكی غەززە وتی، "سینوار ژیانی ئێوەی لەناوبردو ئێستا كە ئەو مردوە، حەماس چیتر كۆنترۆڵی ئەم خاكە ناكات" و ئەوەش بە "دەرفەتێك" بۆ خەڵكی غەززە ناوبرد تا خۆیان لە "ستەمی خۆیان رزگاربكەن."

نەتەنیاهۆ جەختی كردەوە كە "ئەركی بەردەم ئێمە هێشتا كۆتایی نەهاتوە، بۆیە ئیسرائیل تاوەكو گەڕاندنەوەی بارمتەكان بۆ ماڵەكانیان، درێژە بە جەنگ دەدات."

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، سینوار و گروپێك لە چەكدارانی حەماس لە رەفەح لە باشوری كەرتی غەززە خۆی شاردبوەوەو لەكاتێكدا كوژرا كە "ترسا بو و لە سەربازانی ئیسرائیل هەڵدەهات."

وتیشی، ئێستا بۆ هەموان رون بۆتەوە كە بۆچی ئیسرائیل سوربو لەسەر كۆتایی نەهێنان بە جەنگ و وێڕای گوشارە نێودەوڵەتییەكان چوە نێو رەفەح.

نەتەنیاهۆ هۆشداری دایە ئەو كەسانەی كە بارمتە ئیسرائیلییەكانیان لایەو وتی"هەر كەسێك چەكەكەی دابنێت و بارمتەكانی ئێمە بگەڕێنێتەوە، رێگەی دەرچون و ژیانكردنی پێ دەدرێت."

جەختیشی كردەوە كە "هەر كەسێك زیان بە بارمتە ئیسرائیلییەكان بگەیەنێت، خوێنێ لەسەر خۆیەتی و ئێمە تەسفیە حسابی لەگەڵ دەكەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×