ئێران گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا راگرت
  2024-10-15       204       

وتەبێژی دەزگای فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا راگەیاند، ئەوەش لەدوای ئەوەی دوێنێ دوشەممە، یەكێتی ئەوروپا سزای بەسەر سێ كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئێرانیدا سەپاند.

ئاوێنە: جەعفەر یازرلو، وتەبێژی دەزگای فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، راگەیاند، كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئێران، گەشتەكانی خۆی بۆ ئەوروپا هەڵوەشاندەوە ئەوەش بەهۆی خۆبەدورگرتن لەوەی مۆڵەتی فڕین و نیشتنەوە بە فڕۆكەكانی كۆمپانیاكە نەدرێت لە فڕۆكەخانەكانی ئەوروپاو هەروەها بۆ رێگرتن لەوەی گەشتیاران توشی سەرلێشێواوی نەبن.

یەكێتی ئەوروپا دوێنێ دوشەممە، سزای بەسەر سێ كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئێراندا سەپاند، بەبێ ئەوەی وادەی جێبەجێكردنی ئەو سزایانە دیاری بكات.

وتەبێژی دەزگای فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران بڕیارەكەی یەكێتی ئەوروپای بە "پێشێلكردنی بڕیارو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەكان" ناوبرد.

یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدابو كە سزاكانیان بەهۆی ناردنی درۆن و موشەكی بالیستییەوە لەلایەن ئێرانەوە بۆ روسیا، بانگەشەیەك كە ئێران چەندین جار رەتیكردۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×