فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، کەشتی فڕۆکه هەڵگری تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (USS Theodore Roosevelt Carrier Strike Group)ی ئەو وڵاتە، دو هاوڵاتی مەدەنی ئێرانیان لە ئاوە نێوەدەوڵەتیەكان ڕزگاركردوە كە توشی ڕوداوێك ببون.
ئاوێنه: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، کەشتی فڕۆکه هەڵگری تیۆدۆر ڕۆزڤێڵتی ئەو وڵاتە، هەینی ڕابردو دو هاوڵاتی مەدەنی ئێرانی له ئاوە نێودەوڵەتیەكاندا ڕزگاركرد كە توشی ڕوداوێك ببون.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەلیکۆپتەرێک و بەلەمێكی ناردوە بۆ ڕزگاركردنی ئەو دو دەریاوانە ئێرانییە و دوای ڕزگاركردنیان بۆ چاودێری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ ناو کەشتیی ڕۆزڤێڵت.
کریستوڤەر ئەلێکساندەر، فەرماندەی كەشتی ڕۆزڤێڵت، ستایشی كاری هێزی دەریایی ئەمریکای لە ڕزگارکردنی ئەو دو هاوڵاتییە ئێرانییە کردوە و ڕایگەیاند، "دەریاوانەکان و تیمی فڕۆکەوانیمان بەخێرایی و پیشەییانە خۆیان نیشاندا و نیشانیاندا کە هێزی دەریایی ئەمریکا ئامادەیە هاوکاری پێشکەش بکات کاتێک داوای لێدەكرێت".
لە ڕاگەیاندراوەكەی سێنتکۆم وردەکاری زیاتر باس نەكراوە، لەوانە ناسنامەی ئەو دو هاووڵاتییە ئێرانییە، هەروەها شوێن و سروشتی ئەو ڕوداوەی کە بەسەریاندا هاتوە چۆن بوە و لەكوێ بوە.
گروپی كەشتی تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت لە 22ی (تەمموز/7)ی ئەمساڵدا چونەتە ناو ئەو ناوچەیەی کە سێنتکۆم دەیگرێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێکە لەو گروپانەی کە ئەمریکا لە چەند هەفتەی ڕابردودا ئەركداری كردبو بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فراوانبونی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو فڕۆکەهەڵگرە کە ئێستا لە دەریای عوماندایە، پێشتر لە کەنداوی عەرەب بوە، بەڵام كەشتی ئەبراهام لینکۆڵن جێگەی گرتەوە.