پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: د. دنیا عادل بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراوە
  2024-07-11       1211       

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، د. دنیا عادل بەفەرمانی دادوەر و لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراوە.

ئاوێنە: سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنشجەممە، لەبارەی رفاندنی د. دنیا لەلایەن هێزێكی دەمامكدارەوە بە ماڵپەڕی رەسمی یەكێتی راگەیاند"رفاندنی هاوڵاتی دونیا عادل لەلایەن هێزێکی دەمامکدار دورە لە راستییەوەو ناوبراو بەفەرمانی دادوەرو لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراوە."

درەنگانی شەوی رابردو، دایكی د. دنیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند"هێزێكی دەمامكدار بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە ئێوارەی ئەمشەو چونەتە سەر شوقەكەی و د. دنیایان بردوە، چەند جارێكە بەنامەو تەلەفۆن بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە هەڕەشەمان لێدەكەن، ئەو كەسە چەند جارێكە هەڕەشە دەكات، بەڵام كچەكەمان نەچوەتە ژێر بار، دو هەفتەیە لەترسا نەچوە بۆ دەوام..ئێرە شاری مافیایە."

بەڵام وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی"دونیا عادل لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و بە فەرمانی دادوەر، بە رۆژی روناک لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە."

 ئەوەشی خستەڕو"ئەو دەنگۆیانەشی باسی رفاندنی ئەو هاوڵاتییە دەکەن لەماڵەکەی خۆیدا دورن لە راستییەوەو داواکراو بەویستی خۆی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس چوەتە ئەو بنکەیەی سکاڵاکەی لەسەر تۆمارکراوە، پاشان لەسەر بڕیاری دادوەر گوازراوەتەوە بۆ بنکەی گرتن و گواستنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×