ئیسرائیل ئازادكردنی چوار بارمته‌ی راگه‌یاند
  2024-06-08       268       
وێنه‌ی‌ چوار بارمته‌ ئازادكراوه‌كه‌

وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ چوار بارمتەیان لەناو غەززە لەدەستی حەماس رزگار کردووە، کە لەهێرشەکەی 7ی 10ی 2023 لەفێستیڤاڵێكی میوزیکدا رفێندرابون.

ئاوێنه‌: ئه‌فیخای ئه‌درعی، وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، چوار بارمتەی ئیسرائیلی ئازادكران كه‌ بریتین له‌: نوا ئارگامانی 25 ساڵ، ئه‌لمۆا مێیر 21 ساڵ، ئه‌ندرێی كۆزلۆڤ 27 ساڵ و شلۆمی زیڤ 40 ساڵ. 

بەپێی راگەیه‌ندراوه‌كه‌، ئەو چوار بارمتەیە لەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی "ئاڵۆز"ی پۆلیس و دەسەڵاتی ئەمنیی ئیسرائیلدا لە دو ناوچەی جیاوازی غەززە رزگار کراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و چوار كه‌سه‌ لەفێستیڤاڵێكی میوزیکدا له‌باشوری ئیسرائیل له‌ڕۆژی‌ 7ی 10ی 2023 له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ڕفێندراون و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "دۆخی ته‌ندروستیان باشه‌".

رۆژی‌ 7ی‌ 10ی‌ 2023، بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ هێرشێكی‌ له‌ناكاوی‌ كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل‌و ده‌یان سه‌ربازو هاوڵاتی‌ ئیسرائیلی‌ كوشت‌و برینداركرد، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ به‌دیل گرت.

له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل جه‌نگێكی‌ كراوه‌ی‌ درێژمه‌ودای‌ دژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس ده‌ستپێكردو زیاتر له‌هه‌شت مانگه‌ له‌ئاسمان‌و زه‌مین‌و ده‌ریاوه‌ هێرشده‌كاته‌ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌.

لە 24ی 11ی 2023 بەنێوەندگیری قەتەر، ئاگربەستێكی‌ حه‌وت ڕۆژی‌ لەنێوان ئیسرائیل‌و حەماس راگەیەندراو زیاتر لە 400 بارمتەی‌ ئیسرائیلی‌‌و زیندانی فەڵەستینی ئازادكران‌و ئاڵوگۆڕیانپێكرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×