بافڵ تاڵەبانی لە واشنتۆنەوە: پێویستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت
  2024-05-07       672       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، لە واشنتۆن لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوەوەو لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان جەختی كردەوە كە "پێویستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت."

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەكە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەكێتی ئامادەبو، دوایین گۆڕانکارییە  سیاسییەکانی هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پرسی هەڵبژاردن، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا گفتوگۆی وردیان لەبارەوەكرا و جەخت لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كرایەوە بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی سەقامگیری و گەشەكردنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، "پێویستە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك بێت، دیموكراسی بباتە ئاستێكی باڵاتر و گۆڕانكاری لەپرۆسەی حوکمڕانیدا بهێنێتە ئاراوە."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەردولا هاوڕابون كۆتایی بە ناكۆكییەكان بهێنرێت، كێشەكان لەسەر  بنەمای دەستور چارەسەربكرێن و هاوبەشیی راستەقینە لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا پەیڕەوبكرێت.

هەر لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەند بە سیاسەتی نیشتمانیی خۆی، درێژە بە هەوڵەكانی دەدات بۆ خزمەتكردنی خەڵك و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا. بۆ ئەمەش جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانە و هەنگاونان بەرەو هەرێمێكی ئاوەدانترو دیموكراسیتر دەكەینەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×