بانكی ناوەندیی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمساڵ تەنها چوار لایەن مافی وەرگرتنی حەواڵە دەرەكییەكانیان بە دۆلاری كاش هەیە، ئەوانیش پێكهاتوون لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان سەرجەم دەزگا نێودەوڵەتییەكان، كە لە عێراقدان، هەروەها ڕێكخراوە مەدەنییە ناحكومییە ناوخۆییەكان، كە ڕەزامەندی حكومەتیان هەیە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ دا بانكی ناوەندیی عێراق لە بارەی پێدانی دۆلاری كاش ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی سیاسەتی دراو، بۆ ئەوەی بانكەكان بتوانن پێداویستییەكانی كڕیارەكانیان بە دراوی بیانی دابین بكەن، بانكی ناوەندی عێراق ئەو لایەنانەی دیاریكردوە، كە گواستنەوەی دەرەكی بە شێوەی كاش و بە دۆلاری ئەمەریكی دەیانگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو لایەنانەی دەتوانن دۆلاری كاش وەربگرن پێكهاتوون لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان و ڕێكخراوەكان و سەرجەم دەزگا نێودەوڵەتییەكان، كە لە عێراقدان، ڕێكخراوە مەدەنییە ناحكومییە ناوخۆییەكانیش، كە ڕەزامەندیان لە حكومەت هەیە، وەك لایەنییەكی بیانی بڕی دۆلاریان بە كاش پێدەدرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لایەنی سێیەمیش ئەو لایەنانە دەگرێتەوە، كە گرێبەستی حكومیان هەیە و دۆلاری ئەمەریكی بۆ كارەكانیان بەكاردەهێنن، بەتایبەت بۆ گرێبەستە بەردەوامەكان بە مەبەستی یارمەتییەكان و قەرزەكان و ڕێككەوتنە دەرەكییەكان، لایەنی چوارەمیش ٤٠٪ی پارەی هەناردەكارانی عێراق بە دۆلار دەدرێت.
باس لەوەشكراوە، جگە لەو چوار لایەنە، بانكەكان ڕێگەیان پێدەدرێت ئەو بڕە پارەی حەواڵەیان لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ دێت بە شێوەی نەختینەیی وەری بگرن، هەروەها بانكەكان بەردەوامن لە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ كڕیاران بە دراوی بیانی لە بەرامبەر (سوود) كە كڕیار مافی ئەوەی هەیە پارەی دانراو بە كاش وەربگرێتەوە.
لە كۆتای ڕاگەیاندراوەوەكەدا هاتووە، بانكەكان بۆیان نییە بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ئەو پارەیەی كڕیاران لە دۆلارەوە بگوازنەوە بۆ دینار، كە لە دەرەوەی وڵاتەوە وەریدەگرن یان بۆیان ڕەوانەكراوە، چونكە ئەوە تەنها بە ڕەزامەندی كڕیار دەبێت.