ئەم هەفتەیە، هەفتەی خوێن و کوشتن و خۆکوشتن بوو لە میدیای کوردیدا. لە جیهاندا میدیاکان بە شێوەیەکی زۆر هەستیار و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵی خۆکوشتن دەکەن. زۆربەی هەرە زۆری میدیا جیهانییەکان هەواڵی خۆکوشتنی هاوڵاتی ئاسایی بڵاوناکەنەوە. کەناڵی BBC بە گشتی هەواڵی خۆکوشتنی تاکەکەسی بڵاو ناکاتەوە، مەگەر کەسەکە زۆر ناسراوبێت لە کۆمەڵگادا و کاتێکش باسی دەکات، وردەکاری شێوازی خۆکوشتنەکە ناخاتە ڕوو.
کەناڵی CNN هەواڵ و وێنەی پەیوەندیدار بە خۆکوشتن بڵاوناکاتەوە. ئاژانسی Associated Press هەواڵی خۆکوشتنی هاوڵاتی ئاسایی بڵاوناکاتەوە و ڕێنمایی ڕۆژنامەوانی تایبەتی هەیە بۆ داڕشتنی هەواڵی خۆکوشتن و پێداگرە لەسەر بەکارنەهێنانی وشەی (خۆکوشتن) لە سەردێڕی هەواڵەکەدا.
ئاژانسی Reuters تەنها کاتێک هەواڵی خۆکوشتن بڵاودەکاتەوە کە کاریگەری گشتی هەبێت و بە هیچ شێوەیەک وردەکاریی شێوازی خۆکوشتنەکە باس ناکات. دامەزراوەی New York Times سیاسەتێکی زۆر وردی هەیە بۆ باسکردنی خۆکوشتن. زیاتر لە چیرۆکی ڕزگاربوونی ئەوانە دەکۆڵێتەوە کە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. هەمیشە پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی بەشدار ئەم بەرنامانە دەکەن. دامەزراوی میدیایی Al Jazeera هەواڵی خۆکوشتن تەنها لە حاڵەتی گرنگی کۆمەڵایەتی یان سیاسیدا بڵاودەکاتەوە، جەخت لەسەر هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەکات.
خاڵە هاوبەشەکانی هەموو ئەم میدیا جیهانیانە، بریتییە لە پارێزگاریکردن لە کەرامەتی قوربانی و خێزانەکەی. خۆدوورگرتن لە دراماییکردنی ڕووداوەکە و لەوەی کەسی خۆکوژ بکات بە پاڵەوان. بڵاونەکردنەوەی وێنەی قوربانییەکە و شوێنی ڕووداوەکە. گرنگیدان بە پەیامی هۆشیاری و تەندروستی دەروونی. پابەندبوون بە ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و پەیامی میدیای تەندروست.
ئەی میدیای کوردی چی دەکات؟
میدیای کوردی بۆ لایک و ڤیو ملی خۆی دەشکێنێ: لە شوێنی ڕووداوەکە خوێنمان بۆ دەگوازێتەوە، لە مردووخانەوە لایڤ دەکاتەوە! لەسەر قەبران کفنەکەیمان نیشان دەدات، لە پرسەدا مایک دەخاتە بەردەم دایکوباوکی کۆستکەوتووی قوربانییەکە.
ئەمە چی لێ دەکەوێتەوە؟
خەڵک هاندەدەیت بۆ لاسایی کردنەوە، بێڕێزی بە کەسوکاری مردووەکە و حەرمی ژیانی تایبەتی قوربانییەکەش دەکەیت. متمانەی بینەر بە سەرچاوە تەندروستی و رۆحییەکان کەم دەکەیتەوە بۆ یارمەتیدان. ئازاری دەروونی بۆ کەسانی هەستیار دروست دەکەیت. هیچ ناچنیتەوە تەنها فەوزا دروست دەکەیت و خەڵک ئازار دەدەیت و سەری مانگ وەک میدیاکارێک لە پای ئەم ئیشە ناپیشەیی و ناشرینەتدا دەچی معاشەکەت وەردەگری و دەیکەیت بە قوڕگی منداڵەکانتدا!