ئەم ڕۆژانە قسەی حیسابی ئەوەیە، ئەو لایەنانەی ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن و پێیان وایە ساختەکاری کراوە، بایکۆتی پارلەمان بکەن. هەروەک ئەم پێشنیازەم لە لاپەڕەی هاوڕێم زانا عەبدولڕەحماندا خوێندەوە.
پێشنیازەکە تا ڕادەیەک لە جێی خۆیدایە، بۆ؟ هەر یەک لە یەکێتی و یەکگرتوو و گۆڕان ڕایانگەیاندووە کە تێبینییان لەسەر ئەنجامەکان هەیە. هەر یەک لە کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و هەڵوێست و بەرەی گەل و هاوپەیمانی نیشتیمانی، دڵنیان کە ئەوە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان نییە و ساختەکارییان بەرامبەر کراوە. ئەگەر ئەم لایەنانە کە نزیکەی هەموویان کورسییان هێناوە، پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن و "وەرەقەی شەرەف" ئیمزا بکەن (تا دوایی کەسیان خیانەت نەکات) ئەوجا ڕەتی بکەنەوە بچنە پارلەمان، چی ڕوودەدات؟
ئەوکاتە، پارلەمان تەنها پارتی و نەوەی نوێ، لە باشترین حاڵەتدا یەکێتیشی تێدا دەبێت. بەمەش پارلەمان شەرعییەتی یاسایی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، متمانەی نێودەوڵەتی لەدەست دەدات، ناڕەزایەتی خەڵک فراوان و بەرگەنەگیراو دەبێت و ئەمجارە هێزە ناڕازییەکان بەتەواوەتی خاوەندارێتی خەڵک و شەقام دەکەن. ئەم هێزانە دەتوانن بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن دروست بکەن لە دەرەوەی پارلەمان، دەتوانن بە بەکارهێنانی میدیا و پلاتفۆرمە جەماوەرییەکان پارلەمان بکەنە ئامانج و داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتیش بکەن.
لەلاکەی ترەوە کابینەی حکومەتی نوێ ناتوانێت دروست ببێت، دروستیش ببێت شکست دەهێنێت و ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەمە لە جیهاندا بێ نمونە نییە: ساڵی ٢٠١٢ لە کوەیت، ئۆپۆزسیۆن بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد، بووە هۆی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن. ساڵی ٢٠٢٠ لە ڤەنزوێلا بایکۆتی ئۆپۆزسیۆن بووە هۆی زیادبوونی فشارێکی گەورەی نێودەوڵەتی. ساڵی ٢٠١٩ لە ئەلبانیا دوای بایکۆت، حکومەت ناچاربوو ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بکات.
ئەگەر ئەم هێزە ناڕازیانە بچنە پارلەمان چی دەبێت؟
چوونە پارلەمان واتە ڕازیبوون بەوەی ساختەکارییان لێ کراوە و ڕەزامەندن کورسییەکانیان خەڵکی تر لەسەری دابنیشێت. بەمەش متمانەی دەنگدەرەکانیان لەدەست دەدەن. بەهۆی کەمی قەبارە و لە چوارچێوەنانیانەوە ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانی خەڵکدا بکەن، ناتوانن لایەنی کەمی بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن و ئەمەش سەرئەنجام ئینتیحاری سیاسییە. کە هیچ ناچارییەک لە گۆڕێدا نییە ئەم هێزانە کە ئێستا جەماوەر توڕە و ناڕازییە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەم خۆکوژییە بکەن!