ژەهری خۆشەویستی یەكلایەنە!

توانا ئەمین
  2019-02-05   

~بەقوربان لەئاسمانەوە پەشمەک نابارێ~
خۆشویستن لەدۆخی یەكلایەنەدا، پلەكەی لەخۆشەویستی ئاسایی زۆر بەرزترەو خۆشویستنە بەپلەی ڕێختەر، ئیدی تۆ لە خۆشویستنی بەرامبەرەوە دەچیتە سەر خۆشویستنی ئەو شتانەش كە كەم‌و زۆر پەیوەندیان بە(یار)ـەکەتەوە هەیە. 

هاوڕێیەكم دەیگوت (تاسە)ی كۆڵانەكەشیانم خۆش دەوێت. ئەی ئەوە نییە شەهید (بەكر عەلی) شاعیر دەڵێ: "ئەم دڵە باڵندەیەكه، شەوانە دێ پەڕوباڵی لەدەرگاكەتان هەڵدەسوێ!"... 

لەخۆشەویستی یەكلایەنەدا، كەسی عاشق دەیەوێ مەعشوق بە هەمان پلەی خۆی، ئەمی خۆشبووێت..! دەیەوێ ئەویش وەك خۆی؛ سوتاو، بێدار، ئۆقرە لەبەر بڕاوبێت... لەو ڕۆژانەدا لەدەرسی وێژەدا ژیانی ژنە شاعیرێكی دڵشكاوی سویدیمان خوێند، لەدێڕێكدا دەڵێ: "هەمو یەكشەمانێ لەكلێسا دوعا دەكەم، خەو نەچێتە چاوت"! ئەوە لەكاتێكدا لەقەرقەشەیەكی وەكو خۆشەویستی یەكلایەنەدا؛ كەسی بەرامبەر یا بێخەبەرە یان نایەوێ بەخەبەر بێت..!

لەم جۆرە پەیوەندییەدا؛ خۆشەویستی، لەخۆئازاردانێكی بچوكدا كورت دەبێتەوە... مرۆڤ لەدۆخێكی وەهادا، لەگەڵ دێوێك دەرگیرە، تا ئینسانێك... دێوێك كە لەڕاستیدا بوونی نییە و ئەم لە تەونی خەیاڵی خۆیەوە چنیوێتی... 

دێوێك كە وا دەزانی ئەگەر دەستت پێی بگات؛ ئیتر گرێی بەختت دەكرێتەوە، ئیتر دونیا دەبێ بەهەوری پەمەیی، ئیتر تۆ ئیكسیری ژیان دەدۆزیتەوە... وا هەست دەكەیت ئەگەر كەسی بەرامبەر بۆ تۆ ببێت، لەئاسمانەوە پەشمەك دەبارێ..!

من لەبەر ڕێزی خوێنەرەكانم نامەوێ دۆخێكی ئاوها بە (نەخۆشی!) ناوزەد بكەم -لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی حورمەت بۆ مێژوی خۆم قایل دەبم‌و وەك زۆربەی ڕۆژهەڵاتییە شەرمنەكان؛ خۆیشم لەدۆخی وەهادا ژیاوم- ئەگەر ئێستا كەسێ لێم بپرسێت؛ ئەی چۆن چاك بوویتەوە، چۆن ئەم دۆخەت تێپەڕاند..؟ من لەوەڵامدا یەك دونیا خەجاڵەت دەبم‌و پێی دەڵێم: "كوا چاك بوومەتەوە!"
زۆرترین بینراو
ئۆجەلان بۆ یەکێتی‌و پارتی: بەڕەهایی دەبێت کۆتایی بەو گرژییە بێت
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق: نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی و بافڵ تاڵه‌بانی به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی دیالۆگی نیشتمانی ده‌كه‌ن
دوو بڕیاری نوێ لە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە
ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك له‌ بازگه‌ی چیمه‌ن ده‌ست به‌سه‌ر ترێله‌یه‌كدا ده‌گرن كه‌ نه‌وتی قاچاخی باركردبو
حه‌یده‌ر عه‌بودی: زیانه‌كانی به‌قاچاخبردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار بوه‌‌
بەیاننامەی کۆمەڵێک لە خەمخۆرانی سلێمانی سەبارەت بە پاراستنی ناسنامە و موڵکیەتی گشتیی کارگەی جگەرەی سلێمانی
شاسوار عەبدولواحید: داھاتی نەوتی و نانەوتی دەچێتە گیرفانی پارتی و یەکێتی و چەند خێزانێکی دیاریکراوەوە
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
دوای راوه‌ستانی بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ، بۆری نه‌وتی عێراق-توركیای له‌ كه‌ركوك به‌گه‌ڕخسته‌وه‌
ئۆجەلان پەیامێک بۆ ئۆزگور ئۆزێل دەنێرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×